فێرخوازانی بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی سەردانێکی زانستییان بۆ کۆمپانیای کۆکاکۆلا ئەنجام دا
لە چوارچێوەی گرنگیدانی زانکۆی جیهان-هەولێر بە لایەنی پراکتیکی و مەیدانی، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی (٢٦/١/ ٢٠٢٥)، فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی سەردانێکی زانستییان بۆ کۆمپانیای “ساردکار” بۆ پیشەسازیی خواردنەوەکان (کۆکاکۆلا ئایچێچەک) ئەنجام دا.
ئەم سەردانە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (عەبدوڵا جەودەت) و بە یاوەریی یاریدەدەری تاقیگە خاتوو (مەنار فیراس) بەڕێوەچوو. شاندی فێرخوازان سەرەتا لە لایەن (ئومێد مەحمود) لێپرسراوی بەشی پەیوەندییە گشتییەکان پێشوازییان لێکرا. ئینجا بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتی، فێرخوازان بە جلی پارێزەر (Safety Vests) دابینکران، پاشان لە هۆڵی کۆنفڕانسەکان سیمینارێکی ناساندن دەربارەی مێژووی کۆمپانیای کۆکاکۆلا و بڵاوبوونەوەی لقەکانی لە جیهاندا پێشکەش کرا.
لە لایەکی دیکەوە، لێپرسراوی بەشی کۆنتڕۆڵی جۆری (Quality Control) ڕوونکردنەوەی وردی دەربارەی پێکهاتە خۆراکییەکانی بەرهەمەکانی کۆکاکۆلا، ڕێژەی شەکر و پابەندبوون بە پێوەرە خۆراکییە جیهانییەکان دا. هاوکات لێپرسراوی سەلامەتی، تیشکی خستە سەر ڕێکارەکانی سەلامەتیی پیشەیی و پلانەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی باری نەخوازراو لە ژینگەی کارگەدا.
دواتر فێرخوازان هێڵەکانی بەرهەمهێنانیان بەسەرکردەوە، کە تێیدا قۆناغەکانی تێکەڵکردن، پڕکردنەوە، پاکێجکردن و ڕیزکردنی (Palletizing) بەرهەمەکانیان لە نزیکەوە بینی. جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە پرۆسەکان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی تەواو و بە چاودێریی هەستیاری ورد (Sensors) بەڕێوەدەچن بۆ دەستنیشانکردنی هەر گرفتێکی تەکنیکی و پاراستنی کوالێتی بەرهەمەکان.
بەشە هەرە گرنگەکەی سەردانەکە بۆ فێرخوازانی شیکاریی کیمیایی پزیشکى، بەسەرکردنەوەی تاقیگەکانی کۆنتڕۆڵی جۆری بوو. لەوێ فێرخوازان ئاشنای پشکنینە فیزیکی و کیمیاییەکان بوون، وەک پێوانەکردنی (pH)، ماددە ڕەقە تواوەکان (TDS)، خەستیی شەکر و شیکاریی پێکهاتەکانی دیکە. هەروەها لە بەشی مایکرۆبایۆلۆجی (Microbiology)، ڕوونکردنەوەیان دەربارەی پشکنینەکانی دۆزینەوەی بەکتریاکانی وەک (Coliform) و (Pseudomonas) و هەوێن و کەڕووەکان پێشکەش کرا، کە ئەمانە بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی تەندروستیی بەرهەمەکان ئەنجام دەدرێن.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، دەرفەتی گفتوگۆ بۆ فێرخوازان ڕەخسا و ئاگادارکرانەوە کە دەتوانن بۆ خولی مەشقی هاوینە (Summer Internship) داواکاری پێشکەش بە کۆمپانیاکە بکەن.







