فێرخوازانی بەشی شیکاری تاقیگەیی پزیشکی سەردانێکی زانستیان بۆ تاقیگەی کۆمەڵگەی پزیشکی ئەمریکی بەڕێوەبرد
سەرۆکایەتى بەشی شیکاری تاقیگەیی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی (٢٩/١/٢٠٢٦)، سەردانێکی زانستی مەیدانی بۆ فێرخوازانی قۆناغی چوارەم بۆ تاقیگەی کۆمەڵگەی پزیشکی ئەمریکی ڕێکخست.
ئەم سەردانە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (سالی خەلیل باقر) ئەنجامدرا و، بەگەیشتنیان لە لایەن (پێشەوا محەمەد سەعید) سەرپەرشتیاری تاقیگەکە، پێشوازی لە فێرخوازان کرا. لە میانەی سەردانەکەدا، فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشنای ئەو ئامێرە پێشکەوتووانە بوون کە بۆ پشکنینی هۆرمۆنەکان بەکاردەهێنرێن. هاوکات بەشێوەیەکى ورد باس لە ئامێری پشکنینی هۆرمۆنی کۆمپانیای (Roche)ی ئەڵمانی و میکانیزمی کارکردنی لەناو تاقیگەدا بۆ فێرخوازان کرا، بۆ ئەو مەبەستەش پێکهاتە ناوخۆییەکانی ئامێرەکە بە شێوەیەکی زانستی ڕوونکرانەوە، کە لە چەند بەشێکی گرێدراو پێکدێت: بەشی دانانی نموونەکان (Samples)، بەشی تێکەڵکردنی ماددەی پشکنین لەگەڵ خوێن و، بەشێکی تایبەت بە لەناوبردنی پاشماوەکان بە شێوەیەکی سەلامەت بۆ پاراستنی ژینگەی کارکردن.
جگە لەوەش، پرۆسەی گۆڕینی ئاماژەکان بۆ داتای ژمارەیی و دیاریکردنی خەستی ماددەکان لە خوێندا بۆ فێرخوازان ڕوونکراوەوە. جەختیش لەوە کرایەوە کە دروستی ئەنجامەکان بەندە بە سەلامەتی نموونەکە پێش پشکنین، ڕێکارەکانی کارپێکردنی ئامێرەکە و، پابەندبوون بە ڕێنماییەکانی کوالێتی کۆنتڕۆڵ (Quality Control)، لە کۆتاییدا، باس لە گرنگی کالیبرەکردنی (Calibration) بەردەوامی ئامێرەکان و دڵنیابوونەوە لە بەسەرنەچوونی ماددە بەکارهاتووەکان کرا، پێش ئەوەی ڕاپۆرتی کۆتایی بۆ نەخۆش دەربچێت.







