فێرخوازانی بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی چالاکییەکی زانستی و خۆبەخشییان لە “فامیلی مۆڵ”ی هەولێر ئەنجامدا
لە چوارچێوەی چالاکییە زانستی و مەیدانییەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠/١/ ٢٠٢٥، کۆمەڵێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی، چالاکییەکی زانستی و هۆشیاریی تەندروستییان لە ناوەندی بازرگانیی “فامیلی مۆڵ” لە شاری هەولێر بەڕێوەبرد.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆکایەتیی بەش و بە هاوکاری و ڕێنمایی یاریدەدەری تاقیگە، (منار فیراس) ئەنجامدرا. لە چوارچێوەی ئەم چالاکییەدا، فێرخوازان چەندین پشکنینی سەرەتایی و گرنگیان بۆ سەردانیکەرانی مۆڵەکە ئەنجامدا، لەوانە: پێوانی پەستانی خوێن، دیاریکردنی جۆری خوێن و، هەژمارکردنی پێوەری بارستایی لەش (BMI)، هاوکات لەگەڵ ئەنجامدانی پشکنینەکان، فێرخوازان ڕوونکردنەوەی زانستییان لەبارەی ئاستە ئاساییەکانی پشکنینەکان و گرنگیی چاودێریکردنی باری تەندروستی بۆ هاووڵاتیان خستە ڕوو.
بەشێکی تری چالاکییەکە تەرخانکرابوو بۆ نمایشی زانستیی سەرنجڕاکێش، لەوانە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی کیمیایی ناسراو بە “هەویری ددانی فیل ” (Elephant Toothpaste)، کە بە مەبەستی ناساندنی هەندێک پرەنسیپی کیمیایی بە شێوازێکی سادە و ئارام ئەنجامدرا. هەروەها بۆ ڕاکێشانی سەرنجی منداڵان و دروستکردنی کەشێکی فێرکاری، گۆشەیەکی تایبەت بە وێنەکێشان لەسەر دەموچاو و وێنەگرتن بە پۆشاک و کۆتی تاقیگەوە ئامادەکرابوو.
لە لایەکی ترەوە، فێرخوازان کۆمەڵێک هۆشیارییان لەسەر چەندین بابەتی تەندروستی وەک: بەکتریای (E. coli) و بەکتریای گەدە (H. pylori) پێشکەش بە ڕێبواران و سەردانیکەرانى مۆڵکە کرد و، تێیدا تیشکیان خستە سەر هۆکارەکانی گواستنەوە، نیشانەکان و ڕێگاکانی خۆپاراستن. هەروەها باسیان لە نەخۆشییەکانی تەمەڵی غودەی دەرەقی، بەرزى پەستانی خوێن و کەمخوێنی کرا، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی دەستنیشانکردنی پێشوەختە و گۆڕینی شێوازی ژیان.
پڕۆفیسۆر ویسام ئەلشێخلی سەرۆکی زانکۆی ڤیکتۆریا لە لەندەن، یەکێک بوو لەو کەسایەتییانەی سەردانی چالاکییەکەی کرد و پشکنینی بۆ ئەنجامدرا؛ بۆ ئەوەش دەستخۆشییەکی زۆری لە ئاستی زانستی و ڕێکخستنی کارەکانی فێرخوازان کرد و پێگەی زانستیی ئەوانی بەرز نرخاند.
ئەم چالاکییە پێشوازییەکی بەرفراوانی لەلایەن هاووڵاتیانەوە لێکرا و تێیدا فێرخوازانی بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی توانییان توانستە زانستی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان نیشان بدەن.








