فێرخوازانی بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە میانەى سیمینارێک باس لە کاریگەری خواردنی شەکر لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەکەن
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (١١/٢/٢٠٢٥) بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر محمد محمد حسێن، هەریەک لە (ناز ئەحمەد و فیدیاس ئەحمەد) فێرخوازانى قۆناغی سێیەم لە بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان – هەولێر سیمینارێکی هۆشیارییان لە قوتابخانەی ئیشک بەناونیشانی (کاریگەری خواردنی شەکر لەسەر تەندروستی مرۆڤ) پێشکەش کرد.
لەگەڵ گەیشتنیان فێرخوازان لەلایەن محمد احمد سەرپەرشتیاری قوتابخانە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا، پاشان ناوەڕۆکى سمینارەکەیان پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد، بۆ ئەو مەبەستەش ناز ئەحمەد ڕوونیکردەوە زیادەڕۆیی لە خواردنی شەکر هۆکارێکى سەرەکى قەڵەویە، هاوکات دەبێتە هۆى خراپبوونی ددانەکان و کەمبوونەوەی ئاستی وزە، پاشان تیشکی خستە سەر کاریگەری خواردنەوە شەکردارەکان و خۆراکە پرۆسێس کراوەکان لەسەر ئاستى تەرکیز و باری دەروونی و ئەدای خوێندنی گشتی، لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕاستیانە جەخت لەسەر گرنگی کەمکردنەوەی شەکری زیادکراو لە خۆراک و هەڵبژاردنی خواردنێکى جێگرەوەى تەندروستى کردەوە، وەک شیرینی سروشتی و میوەی تەواو، هەروەها ئامۆژگاری پراکتیکی پێشکەش کرد سەبارەت بە چۆنیەتی ناسینەوەی شەکری شاراوە لە خۆراکە پاکەتکراوەکان .
هەروەها لە چوارچێوەی سیمینارەکەدا، فێرخوازان دەرفەتیان بۆ ڕەخسا کە پێوەرەکانی بارستەی جەستەیان (BMI) بپێون بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی کێشیان بە بەراورد بە باڵایان، بۆ ئەو مەبەستەش ناز ئەحمەد ڕێنمایی قوتابیانى کرد لە ڕێگەی پرۆسەی هەژمارکردنى BMI، باڵا و کێشیان تۆمار کرد، پاشان هاوکێشەی BMI (کێش بە کیلۆ دابەشکراو بەسەر چوارگۆشەی باڵا بە مەتر) بەکارهێنا بۆ ئەوەی بزانن ئایا لە پۆلی ئاساییدان، کەم کێش، کێشی زیادە، یان قەڵەون. هەروەها ڕوونیکردەوە کە چۆن BMI تەنها نیشاندەرێکی گشتی تەندروستییە، بەڵام هۆکارەکانی دیکەی وەک بارستەی ماسولکەکان و ئاستی چالاکییەکان و شێوازی ژیانی گشتی لەبەرچاو ناگرێت، بەو شێوەیەش کۆتایی بە چالاکیەکە هات.