فێرخوازانی بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس پەیوەندی نێوان خۆراک و بەرگری لەش شیى دەکەنەوە
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (١٢/٢/٢٠٢٥)، بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر محەمەد محەمەد حسێن، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەم لە بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان -هەولێر سیمینارێکی هۆشیاریان لە ئامادەیی سەروەران بەناونیشانى (پەیوەندی نێوان خۆراک و بەرگری لەش) پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد.
سەرەتا فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لەلایەن مامۆستا ئەحمد عەلی بەڕێوەبەرى قوتابخانەکه به گەڕمی پێشوازییان لێکرا، پاشان لە هۆڵى چالاکى قوتابخانەکەدا فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر ناوەڕۆکى سمینارەکەیان پێشکەش کرد و، ڕوونیان کردەوە کە چۆن ماددە خۆراکییە سەرەکییەکانی وەک ڤیتامین C، D، و E، و دژە ئۆکسێنەرەکان بەشدارن لە بەرزکردنەوەی وەڵامی سیستمی بەرگری لەش، هەروەها باسیان لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی خووی ناتەندروستی خواردن کرد، لەوانە زیادەڕۆیی لە خواردنی شەکر و خۆراکە پرۆسێس کراوەکان و کەمی ماددە خۆراکیەکان، کە دەبێتە هۆی لاوازبوونی بەرگری لەش، لەهەمان کاتدا وادەکەن جەستە زیاتر تووشی نەخۆشی بێت، پاشنایش تیشکیان خستە سەر گرنگی پەیڕەوکردنی خۆراکی هاوسەنگ، کە میوە و سەوزە و پرۆتینی بێ چەوری و دانەوێڵەی تەواو لەخۆدەگرێت بۆ پشتگیریکردنی سیستمی بەرگری تەندروست.
سیمینارەکە بە گفتوگۆیەکى کراوەی پرسیار و وەڵام کۆتایی هات، کە تیایدا قوتابیان پرسیاریان دەربارەی کاریگەری ڕۆژووگرتن لەسەر بەرگری لەش کرد، بۆ ئەوەش فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر وەڵامى پرسیارەکانیان دایەوە.