فێرخوازانی بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس کاریگەری خواردنی خێرا لەسەر تەندروستی هەرزەکاران ڕون دەکەنەوە
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (١٢/٢/٢٠٢٥)، بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر محەمەد محەمەد حسێن، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەم لە بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان -هەولێر لە ئامادەیی گەشە سمینارێکیان بەناونیشانی (کاریگەری خواردنی خێرا لەسەر تەندروستی هەرزەکاران) پێشکەشکرد.
فێرخوازان دواى ئەوەى بەگەرمى لەلایەن مامۆستا ئەوین محەمەد پێشوازییان لێکرا، ئینجا بەئامادەبوونى قوتابیانى قوتابخانەکە ناوەڕۆکى سیمینارەکەیان پێشکەشکرد و، ڕوونیان کردەوە خواردنی خێرا بە شێوەیەکی ئاسایی چەوری ناتەندروست و شەکر و سۆدیۆمی زۆرى تێدایە، ئەوەش بەشدارە لە زیادبوونی ڕێژەی قەڵەوی و شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ و کێشەکانی هەرس، هەر لە میانەى سمینارەکەیاندا فێرخوازان باسیان لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی خۆراکە پرۆسێس کراوەکان و سورکراوەکان کرد لەسەر میتابۆلیزم و ئاستی وزە و ئەدای پەروەردەیی کرد، بۆ ئەوەش جەختیان لەوە کردەوە کە خووی ناتەندروستی خواردن دەتوانێت ببێتە هۆی دەرئەنجامە تەندروستییە درێژخایەنە خراپەکان.
لە میانەى خستنەڕووى ئامۆژگارییەکانیان، فێرخوازان لە برى خواردنى ناتەندروست و خواردنی خێرا، هانى قوتابیانیاندا زیاتر پشت بە ئامادەکردنی ئەو خۆراکانە ببەستن کە لە ماڵەوە ئامادە دەکرێن، بۆ ئەوەش کۆمەڵێک نمونەیان هێناوە، وەک خواردنی کبابی لە برى خواردنی سورکراوە، خواردنەوەی ئاو لەبری خواردنەوە گازییە شیرینکراوەکان و زیادکردنی سەوزەی زیاتر بۆ ژەمەکان. ئەم سیمینارە زانیاری سەرەتایی لەسەر مەترسییەکانی زیادەڕۆیی لە خواردنی خواردنی خێرا و گرنگی خۆراکی هاوسەنگ پێشکەش بە فێرخوازان کرد.