فێرخوازانی بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە شوێنە گشتیەکان هۆشیاریی لە بارەى شێرپەنجە بڵاو دەکەنەوە
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (١٢/٢/٢٠٢٥)، بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر محەمەد محەمەد حسێن، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەم لە بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەشدارییان لە هەڵمەتێکی هۆشیاری شێرپەنجە کرد.
فێرخوازان لە میانەى هەڵمەتەکەیاندا، بە دابەشکردنی پرۆۆشەر لە ناو بازاڕی شارى هەولێر دەستیان پێکرد، کە لە ناوەڕۆکەکەیدا جەخت لە گرنگی زوو دەستنیشانکردن و هۆکارەکانی مەترسی شێرپەنجە و ڕۆڵی خۆراک لە خۆپاراستن لە نەخۆشییەکە کرابوەوە، فێرخوازان لە میانەى کارلێک و گفتوگۆکردن لەگەڵ دوکاندارەکان و سەردانکەران و ڕێبواران ، فلایەرەکانیان دابەشکرد کە کۆمەڵێک زانیاری سەرەکی و گرنگیان سەبارەت بە باوترین جۆرەکانی شێرپەنجە، نیشانەکانی کە دەبێت ئاگاداریان بن لە خۆگرتبوو، هەروەها گۆڕانکاری لە شێوازی ژیاندا کە دەتوانێت مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکە کەم بکاتەوە لایەنێکى دیکەى زانیارییەکان بوون. هەروەها لە بڵاوکراوەکاندا فێرخوازان تیشکیان خستۆتە سەر کاریگەری جگەرەکێشان، خۆراکە پرۆسێس کراوەکان، قەڵەوی و کەمی چالاکیی جەستەیی لەسەر گەشەکردنی شێرپەنجە. جگە لەوەش، سەرنجیان خستە سەر سوودەکانی خواردنی ئەو خۆراکانەی کە دەوڵەمەندن بە دژە ئۆکسێنەر، خواردنی خۆراکی هاوسەنگ و، گرتنەبەری شێوازی ژیانی چالاک بۆ پشتگیریکردنی تەندروستی گشتی و کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە.
ئەم هەڵمەتە هۆشیارییە دەرفەتێکی بۆ فێرخوازان ڕەخساند کە زانیارییە ئەکادیمییەکانیان لە ژینگەیەکی جیهانی ڕاستەقینەدا بەکاربهێنن و، بەشدارییەکی کاریگەر لە بڵاوکردنەوەى هۆشیارى تەندروستی لە کۆمەڵگە و شوێنە گشتیەکاندا بکەن، کە بەهۆیەوە یارمەتیان دادات پەرە بە تواناکانی پەیوەندیکردن و هۆشیارییان بدەن، ئەوە جگە لەوەى هەڵمەتەکەیان کاریگەری ئەرێنی لەسەر کۆمەڵگە بەجێ دەهێڵێت سەبارەت بە شێرپەنجە و ڕێگاکانی خۆپاراستن لێی.