فێرخوازانی بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس هەڵسەنگاندنی تەندروستی بۆ منداڵانی ئۆتیزم لە سەنتەری حاجی ئیدریس دەکەن
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (١٢/٢/٢٠٢٦)، فێرخوازانی بەشی خۆراک و پارێزگاری لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر (یاسین گەلاڵی)، سەردانێکی مەیدانییان بۆ سەنتەری “حاجی ئیدریس بۆ ئۆتیزم” ئەنجامدا.
لە میانی سەردانەکەدا، فێرخوازان چەندین هەڵسەنگاندنیان ئەنجامدا، لەوانە پێوانەکردنی کێش و باڵا بۆ دیاریکردنی بارستایی جەستە (BMI) و چاودێریکردنی نیشانە فیزیاییەکان کە ڕەنگە ئاماژە بن بۆ کەمیی ڤیتامین و ماددە خۆراکییەکان، وەک گۆڕانکاری لە پێست، قژ و ئاستی ماندووبوون. هەروەها گفتوگۆی ورد لەگەڵ ستاف و چاودێرانی سەنتەرەکە کرا دەربارەی خووە خۆراکییەکانی منداڵەکان و ئەو ئاستەنگییانەی لە کاتی ژەمەکاندا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
لەسەر بنەمای ئەو تێبینییانە، فێرخوازانی زانکۆ کۆمەڵێک ڕێنمایی پراکتیکییان پێشکەش بە ستافەکە کرد، کە جەختی لەسەر ڕێکخستنی ژەمەکان، هەڵبژاردنی سووکەژەمی تەندروست، خواردنەوەی ئاوی پێویست و کەمکردنەوەی شەکر و چەوری ناتەندروست دەکردەوە. سەردانەکە بە دانیشتنێکی گفتوگۆیی لەگەڵ تیمی سەنتەرەکە کۆتایی هات و تێیدا جەخت لە ڕۆڵی گرنگی خۆراکی دروست کرا بۆ باشترکردنی کوالێتی ژیانی منداڵانی ئۆتیزم، کە ئەمەش پابەندیی زانکۆ بۆ بەستنەوەی زانست بە خزمەتی مرۆیی دوپات دەکاتەوە.







