فێرخوازانی بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس سیمینارێکی هۆشیاری لەبارەى کاریگەری خواردنی خێرا لەسەر تەندروستی پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەیەک دەکەن
لە چوارچێوەی بڵاوکردنەوەى هۆشیاری تەندروستی، فێرخوازانی بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان – هەولێر بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر تەنیا سەلام سەرۆکى بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس سەردانى قوتابخانەى (کینگ)ى تایبەتیان کرد و سیمینارێکی هۆشیارییان لەبارەى کاریگەری خواردنی خێرا لەسەر تەندروستی پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد.
لەو سمینارەدا، کە ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٣/٢/٢٠٢٥) بەڕێوەچوو، سەرەتا فێرخوازان لەلایەن مامۆستا شنە ئەحمەد بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە پێشوازییان لێکرا و، لە وتەیەکدا ستایشی ئەم دەستپێشخەرییەی کرد، کە ئامانج لێی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بەکارهێنانى خۆراکیی تەندروستە لەنێو قوتابیانى قوتابخانەکەدا. پاشان فێرخوازانى بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس لە هۆڵى قوتابخانەکە سمینارەکەیان پێشکەش کرد، کە تیایدا بەشێوەیەکى زانستى باسیان لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی خواردنی خێرا لەسەر تەندروستى و جەستەى مرۆڤ کرد، وەک زیادبوونی کێش، شەکرە، نەخۆشییەکانی دڵ و، کاریگەرییەکانی لەسەر ئاستی وزە و ئەدای خوێندن. لە بەشێکى دیکەى سمنیارەکەیاندا فێرخوازان باسیان لە گرنگی پەیڕەوکردنی خۆراکی هاوسەنگ کرد، بەتایبەت ئەو خۆراکانەى کە دەوڵەمەندن بە ماددە خۆراکییە سەرەکییەکان، لە کۆتایشدا کۆمەڵێک ئامۆژگارییان پێشکەش بە قوتابیان کرد، کە سەرجەمیان پەیوەست بوون بە جۆرى خواردن و کاتى خواردن و شێوازى خواردن.
لە کۆتایی سیمینارەکەدا مامۆستا شنە ئەحمەد سوپاسى فێرخوازانى بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس کرد بۆ هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ بڵاوکردنەوەى هۆشیارى تەندروستى لە بوارە جیاوازەکان، هەروەک جەختی لە گرنگی و بەردەوامیدان بەم جۆرە دەستپێشخەرییە هۆشیارییانە کردەوە بەتایبەت لە ناو توێژى قوتابیان.