فێرخوازانی بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس باس لە کاریگەری خوراردن لەسەر فێربوون و یادگەى قوتابى دەکەن
فێرخوازانی بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بەسەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر محەمەد محەمەد حسێن، سیمینارێکی هۆشیارییان لەبارەى خواردن و کاریگەری لەسەر فێربوون و یادگەى مرۆڤ بەگشتى و قوتابى بەتایبەت پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەى ڕۆناى ئەهلى لە شارى هەولێر کرد.
لەو سمینارەدا، کە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (٣/٢/٢٠٢٥) بەڕێوەچوو، ئامانج لە ڕێکخستنى ئاشناکردنى قوتابیان بوو بە ڕۆڵی خۆراکی دروست لە باشترکردنی ئەدای پەروەردەیی و خوێندن و ئەرکە مەعریفیەکان، بۆ ئەوەش تیشکیان خستە سەر گرنگی خۆراکی هاوسەنگ لە بەرەوپێشبردنی ئاستى تەندروستی دەروونی و تەرکیز و یادگەى قوتابى، بۆ ئەوەش سەرتا فێرخوازان لەلایەن مامۆستا بەناز عبدالرازق پێشوازى لە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد، دواتر لە هۆڵى قوتابخانەکە فێرخوازان فاتیمە ئازاد و زەینەب ئیحسان و نورا لاوەند لەگەڵ هاوپۆلەکانیان ئەو خۆراکانەیان بۆ قوتابیانى قوتابخانەکە باسکرد، کە دەوڵەمەندن بە ماددە خۆراکیەکان و پاڵپشتی کارکردن و کارایی مێشک دەکەن، وەکو ترشە چەوریەکانی ئۆمیگا ٣، کە لە ماسی و گوێزدا هەیە، سەوزەی گەڵادار و توو و دانەوێڵەی تەواو، جگە لەوانە باسیان سوودەکانی شوکولاتەی تۆخ و گوێز بۆ باشترکردنی تەرکیز و یادەوەرى و یادگەى مرۆڤ کرد.
لە بەشى کۆتایی سمینارەکەدا قوتابیانى قوتابخانەکە، کۆمەڵێک پرسیارى پەیوەست بە بابەتەکەیان لە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد، کە تایبەت بوو بە چۆنیەتی بەردەوامیدان بە بەکارهێنانى خواردنی تەندروست و کەمکردنەوە یان وازهێنان لە خواردنی ناتەندروست، بۆ ئەو مەبەستەش فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کۆمەڵێک ئامۆژگارییان پێشکەش بە قوتابیان کرد، بۆ ئەوەش مامۆستا بەناز عبدالرازق سوپاسى زانکۆی جیهان – هەولێر و فێرخوازانى کرد بۆ ڕێکخستنى ئەو سمینارە، وەک ئەو باسىکرد ئەم جۆرە چالاکیانە یارمەتیدانی قوتابیان دەدات بۆ باشتر تێگەیشتن لە کاریگەری خۆراک لەسەر ئەدای دەروونی و، بەرەوپێشبردنی ئاستى هۆشیاری تەندروستی قوتابیانز