فێرخوازانی بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس باس لە کاریگەری خۆراکە ناتەندروستەکان لەسەر خوێندن دەکەن
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (5/2/2025) بەسەرپەرشتی (مامۆستاى یاریدەدەر محمد محمد حسێن)، فێرخوازانی بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان – هەولێر سەردانى قوتابخانەى سەربەستیان لە شارى هەولێر کرد و، سیمینارێکیان بەناونیشانی کاریگەری خواردنی ناتەندروست و خواردنی خێرا لەسەر خوێندن پێشکەش بە قوتابیانى پۆلی هەشتەمی قوتابخانەکە کرد.
لەگەڵ گەیشتنیان، فێرخوازان لەلایەن محەمەد سورگوڵی بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان لە هۆڵى قوتابخانەکە، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر سمینارەکەیان پێشکەش بە قوتابیانى پۆلى هەشتەم کرد و، تیایدا ئەوەیان ڕوونکردەوە کە چۆن زیادەڕۆیی لە خواردن بەتایبەت خواردنی خێرا و خۆراکی ناتەندروست دەتوانێت کاریگەری نەرێنی لەسەر تەرکیز و ئاستی وزە و ئەدای خوێندنی گشتی هەبێت، بۆ ئەوەش تیشکیان خستە سەر مەترسییە تەندروستییەکانی پەیوەست بەم خووانە، وەک قەڵەوی و کەمی ماددە خۆراکیەکان و تێکچوونی گۆڕانکاری خۆراک، هاوکات جەختیان لەسەر گرنگی پەیڕەوکردنی خۆراکی هاوسەنگ کردەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئەرکەکانی مەعریفی و باشترکردنی کارایی فێربوون.
سیمینارەکە هۆشیارییەکی بەنرخی پێشکەش بە قوتابیانى قوتابیخانەکە کرد بەتایبەت لەسەر گرنگی وەرگرتنی هەڵبژاردنی خۆراکی تەندروست بۆ پشتگیریکردن لە ئەدای ئەکادیمی و تەندروستی گشتییان.