فێرخوازانی بەشی وەرگێڕان لە ئاشناى سیستمى فێرکردن لە قوتابخانەی نێودەوڵەتی هێڤار دەکرێن
سەرۆکایەتى بەشی وەرگێڕان لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى (٢ی شوباتی ٢٠٢٥)، بەسەرپەرشتی مامۆستا عیماد الدین مەجید زنرنی، سەردانێکی زانستی بۆ فێرخوازانی قۆناغی سێهەم بۆ قوتابخانەی هێڤاری نێودەوڵەتی ڕێکخست، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی زانیاری فێرخوازانان لەبارەى شێوازەکانی وانەوتنەوە مۆدێرن و پێداویستییەکانی بازاڕی کار لە بواری پەروەردەیدا.
فێرخوازان لە لایەن مامۆستا ڤیان مەروان بەرێوەبەری قوتابخانە و مامۆستا ڕضوان بابان پێشوازییان لێکرا، پاشان ڕونکردنەوەیەکى تێروتەسەلی لەبارەى میکانیزمی کاری قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان و سیستمی تاقیکردنەوەکانی کامبریج پێشکەش بە فێرخوازان کرد، هەروەها باسى گرنگی ئەم سیستمەى لە ئامادەکردنی قوتابیان بۆ کەسێکی خاوەن کارامە و لێهاتوو کرد، دواتریش باسى لە ڕۆڵی تەکنەلۆژیا لە پرۆسەی پەروەردەدا کرد، ئینجا باسی لە دیارترین ئاڵنگارییەکانى بەردەم مامۆستایان لە قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان کرد. لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان چەند پۆلێکى قوتابخانەکەیان بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە ئاشناى سیستمى وانەوتنەوە بەتایبەت وانەى زمانى ئینگلیزى بوون.
پاشانیش لەگەڵ بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە و مامۆستایان؛ فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر گفتوگۆیان لەبارەى پێوەرەکانی دامەزراندن لە قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان و پێداویستییەکانی بازاڕی کار لە بواری وانەوتنەوە کرد، بۆ ئەو مەبەستەش مامۆستا ڤیان مەروان زانیاری بەنرخی لەبارەى ئەو لێهاتووییە سەرەتاییانەی کە دەبێت مامۆستایانی داهاتوو هەیانبێت پێشکەش بە فێرخوازان کرد، وەک شارەزایی زمان و بەکارهێنانی ئامرازەکانی پەروەردەیی کارلێکی مۆدێرن و تواناى مامەڵەکردن لەگەڵ قوتابیانى پاشخانی کەلتووری جیاواز.