فێرخوازانی بەشی وەرگێڕان لە قوتابخانەی جیهانی نێودەوڵەتی چالاکییەکی کارلێکەری تایبەت بە ڕێزمانییان ئەنجامدا
بۆ بەهێزکردنی توانای زمانەوانیی قوتابیان، هەریەک لە (دیانا سەمەهر ڕەفیع، عائیشە خالید کەریم، و ڕوئا ئەسعەد عەبوود) فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی وەرگێڕان بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر “زینە مەحموود”، زنجیرەیەک چالاکیی پەروەردەیی و کارلێکەریان لە بواری ڕێزمانی زمانی ئینگلیزیدا بۆ قوتابیانی پۆلی یازدەهەمی قوتابخانەی جیهانی نێودەوڵەتی ئەنجامدا.
لەو چالاکیەدا، کە ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٨/١/٢٠٢٦) بەڕێوەچوو، سەرەتا مەحموود عیماد محەمەد، بەڕێوەبەری قوتابخانەی جیهانی نێودەوڵەتی بە گەرمی پێشوازی لە فێرخوازان کرد، لە وتەیەکیدا چالاکیەکەى بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون لە نێوان خوێندنی باڵا و پەروەردە باسکرد.
پاشان فێرخوازانی بەشی وەرگێڕان چەندین چالاکى گرنگی ڕێزمانییان پێشکەش کرد، کە بریتی بوون لە دەستنیشانکردنی پۆلێنە جیاوازەکانی ڕێزمانی زمانی ئینگلیزی (Parts of Speech)، فێرکردنی شێوازی ڕاستی ڕێزبەندکردنی وشەکان لەناو ڕستەدا، شیکردنەوەی وردی واتایی بۆ دەستەواژەکان. بۆ ئەوەش فێرخوازان جەختیان لەسەر تێگەیشتنی وردی ڕێزمان کردەوە و، وتیان دەبێتە بنەما بۆ بەکارهێنانی زمان بە شێوەیەکی دروست و پاراو لە پەیوەندییە ڕۆژانە و ئەکادیمییەکاندا. لەمیانەى چالاکیەکەدا قوتابیانی پۆلی یازدەهەم ئاستێکی بەرزی کارلێک و پەرۆشییان نیشاندا و بە شێوەیەکی چالاکانە بەشدارییان لە ڕاهێنانەکاندا کرد.
لە کۆتایی چالاکیەکەدا، فێرخوازانی زانکۆ تێبینی و پێشنیازی بونیادنەریان دەربارەی ئەدای زمانەوانیی قوتابیان پێشکەش کرد، کە ئەمەش کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر بەرزکردنەوەی متمانەبەخۆبوونی قوتابیان هەبوو.







