فێرخوازانی بەشی وەرگێڕان لە نووسینگەی (زووم) مەشقی پراکتیکی لەسەر وەرگێڕانی بەڵگەنامە فەرمییەکان دەکەن
بە ئامانجی ئاشنابوونی فێرخوازان بە ژینگەی کاری پڕۆفیشناڵ، بەشی وەرگێڕان لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانێکی زانستیی بۆ فێرخوازانی قۆناغی چوارەم بۆ نووسینگەی زووم (Zoom) بۆ وەرگێڕان ڕێکخست.
سەردانەکە لە ڕێکەوتی (٤/٢/٢٠٢٥) و بە سەرپەرشتی (پۆڵا تەحسین محەمەد) سەرۆکی بەش بەڕێوەچوو. سەرەتاش فێرخوازان لەلایەن (بەرزان محەمەد سیان) دادنووسى نووسینگە و (پێشمەرگە قادر) بەڕێوەبەری نووسینگە پێشوازییان لێکرا. لە سەردانەکەدا فێرخوازانى بەشى وەرگێڕان کە پێکهاتبوون لە (كمال إدريس حميد، ئاڤێستا عباس أبو بكر، وور پشتيوان ئەسعد، ئارماني عبود، ئامانج عبد الرزاق عبد الله، دانيا فتحي فاضل و، سارا باپیر كامەلا) ئاشنای بەشە جیاوازەکانی نووسینگەکە و پێکهاتەی ڕێکخراوەیی و جۆری ئەو خزمەتگوزارییانە بوون کە پێشکەش دەکرێن. هەروەها ڕوونکردنەوەی وردیان پێدرا لەسەر ئەو مەرج و ناسنامە فەرمییانەی کە پێویستە وەرگێڕێکی بڕوانامەپێدراو هەیبێت.
بەشێکی گرنگی سەردانەکە چالاکیی پراکتیکی بوو، کە تێیدا فێرخوازان شیکردنەوەیان بۆ چەندین بەڵگەنامەی وەرگێڕدراو کرد و تێبینییەکانی خۆیان لەسەر تایبەتمەندییەکانى وەرگێڕان خستەڕوو. پاشان فێرخوازان ڕاهێنانیان لەسەر وەرگێڕانی چەند بەڵگەنامەیەکی هەڵبژێردراو کرد و لەلایەن پسپۆڕانی نووسینگەکەوە سەرنج و تێبینی بونیاتنەریان لەسەر کارەکانیان پێدرا.







