فێرخوازانی بەشی پەرستاری تەندروستی کۆمەڵ چالاکیەکی زانستی لە قوتابخانەیەکی هەولێر بەڕێوەدەبەن
ڕۆژی سێشەمە ڕێکەوتی (٤/٣/٢٠٢٥) فێرخوزانی قۆناغی سێیەمی بەشی پەرستاری تەندروستی کۆمەڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانی ئامادەیی (بریسکە)ی کچانیان کرد و چالاکیەکی زانستیان بەڕێوەبرد.
فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر سەرەتا لە لایەن مامۆستا (ژوان مجید زەندی) بەڕێوبەری قوتابخانەکە پێشوازیان لێکرا، پاشان لە چالاکیەکەدا کە بە ئامادەبوونی هەریەک لە قوتابیان و مامۆستایانی قوتابخانەکە بەڕێوەچوو، فێرخوازان لەسەرەتادا سێمینارێکیان لەبارەی شێوازەکان و چۆنیەتی ئەنجامدانى فریاگوزاری سەرەتایی و خۆپاراستن لە ڕوداوە نەخوازراوەکان پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازانی بەشى پەرستارى تەندروستى کۆمەڵ کۆمەڵێک پشکنینی جۆراوجۆر بۆ مامۆستایان و قوتابیانی قوتابخانەکە ئەنجامدا، پشکنینەکان بریتیبوون لە پشکنینی چاو و شەکرە و فشاری خوێن.
لە کۆتایدا، مامۆستایان و قوتابیانی قوتابخانەکە سوپاسی ئەو فێرخوازانەی زنکۆی جیهان-هەولێر کرد لە بەرامبەر ئاشناکردنیان بە فریاگوزاری سەرەتایی و ئەنجامدانى پشکنینەکان.