فێرخوازانی بەشی پەروەردەى گشتی لە قوتابخانەیەکى هەولێر باس لە چۆنیەتى پەرەپێدانى تواناکانی زمانی ئینگلیزى دەکەن
گروپێک لە فێرخوازانى بەشی پەروەردەی گشتی لە زانکۆی جیهان – هەولێر ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (24 ی ئەیلوولی 2025) بە سەرپەرشتی دکتۆر ئەحمەد عەبدولعەون سەرۆکی بەشی پەروەردەى گشتی سەردانى قوتابخانەی ئامادەیی عیرفانی کچان و سیمینارێکی زانستییان لەبارەى تواناکانی فێربوونی زمانی ئینگلیزی پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد.
لە سەرەتای سەردانەکەیاندا، فێرخوازانى بەشى پەروەردەى گشتى کە پێکهاتبوون لە هەریەک لە (زەهرا ئەحمەد، هودا حاجی ئاغا) لەلایەن مامۆستا لینا حوسێن بەرزنجی بەڕێوەبەری قوتابخانە بەگەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان لە هۆڵى قوتابخانەکەدا ناوەڕۆکى بابەتەکەیان پێشکەش بە قوتابیانى پۆلى دەیەکى قوتابخانەکە کرد و، تیشکیان خستە سەر گرنگی پەرەپێدانی چوار بنەماى سەرەکی زمانی ئینگلیزی ( گوێگرتن، قسەکردن، خوێندنەوە و نووسین)، هەروەک ئاماژەیان بە هەندێک یاسای ڕێزمانی بنچینەیی پێویست بۆ فێربوونی زمانکرد و، ناوەڕۆکى بابەتەکەیان بە نموونەی ڕۆژانە بۆ قوتابیان ڕوون کردەوە.
پاشان گفتوگۆیەکى پڕ بەرهەم لە نێوان فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر و قوتابیانى قوتابخانەکە بەڕێوەچوو، کە تیایدا تیشکیان خستە سەر پرۆگرامی خوێندنی زانکۆی جیهان -هەولێر بەتایبەتی لە بەشی پەروەردەی گشت- لقی فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و، ئاماژەیان بەوەدا کە پرۆگرامە ئەکادیمییەکان بۆ گونجاندن لەگەڵ پێداویستییەکانی دنیای ڕاستەقینە داڕێژراون و بەردەوام نوێدەکرێنەوە.
لە کۆتاییدا بەڕێوەبەری قوتابخانەکە سوپاسی فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد بۆ هەوڵە ئەکادیمییە نایابەکانیان و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ خواستن. فێرخواز لای خۆیانەوە سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەیان کرد بۆ پێشوازییە گەرمەکەیان و بانگهێشتیان ئاراستەی بەڕێوەبەر کرد بۆ ئەوەی سەردانی زانکۆی جیهان- هەولێر بکات بۆ لە نزیکەوە ئاشنابوون زیاتر لەسەر پرۆگرامى ئەکادیمی و شێوازە مۆدێرنەکانی خوێندن لە زانکۆ.