فێرخوازانی بەشی پەروەردەی گشتی سیمینارێک لەبارەى بەرزکردنەوەی توانای فێربوونی زمانی ئینگلیزی پێشکەش دەکەن
هەریەک لە فێرخوازان (سۆران ڕەشاد حلی) و (ئاکام شوکر بەکر) کە فێرخوازى قۆناغی سێیەمن لە بەشی پەروەردەی گشتی زانکۆی جیهان – هەولێر، ڕۆژی پێنجشەممە ٦/٢/٢٠٢٥ بەسەرپەرشتى دکتۆر ئەحمەد عەبدول عەون سەردانى قوتابخانەی نیرگزی بنەڕەتی تێکەڵاویان لە شاری سۆران و سمینارێکى پەروەردەییان پێشکەشکرد.
فێرخوازان لەلایەن مامۆستا سالم رسول مامۆ بەڕێوەبەری قوتابخانەکە ستافی مامۆستایانی قوتابخانەى نێرگزى بنەڕەتى پێشوازییەکی گەرم و بەخێرهاتنیان لێکرا، دواتر سیمینارێکی پەروەردەییان بۆ قوتابیانى قوتابخانە بەئامادەبوونی بەڕێوەبەر و مامۆستایانی زمانی ئینگلیزی پێشکەشکرد، لە میانەى پێشکەشکردنى سمینارەکەیاندا باسیان لە چەندین بابەتى گرنگى فێربوونی زمانی ئینگلیزی کرد، بۆ ئەوەش ئاماژەیان بە شارەزابوون لە چوار کارامەیی (خوێندنەوە، نووسین، قسەکردن و گوێگرتن) کرد، هەروەک چۆنیەتی پەرەپێدانی تواناکانی پەیوەندیکردن لە زمانی ئینگلیزی و قسەکردن بە ئینگلیزی لایەنێکى دیکەى سمینارەکەیان بوو، جگە لە ئاسانکاری دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە پەروەردەییەکان بە زمانی ئینگلیزی لە ماڵپەڕە جیهانییە پەروەردەییەکان.
لە کۆتاییدا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر دیارییەکیان پێشکەش بە کارگێڕی قوتابخانە کرد و، بەناوی سەرۆکى بەشى پەروەردەى گشتى سوپاسى بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە و مامۆستایانیان کرد، لە بەرانبەردا بەڕێوەبەری قوتابخانەکە سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی فێرخوازان و بەشی پەروەردەی گشتی و سەرۆکایەتی زانکۆی جیهان – هەولێر کرد بۆ ئەو هەوڵانەی بۆ خزمەتکردنی پرۆسەی خوێندن دەیدەن.