فێرخوازانی بەشی پەروەردەی گشتی سەردانی رادیۆ و تەلەفیزیۆنی جیهانیان کرد
بەشی پەروەردەی گشتی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (11/11/2021) سەردانێکى بۆ کۆمەڵێک لە فێرخوازانی قۆناغی جیاوازى بەشەکەى بۆ ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی جیهان ڕێکخست.
سەردانەکە، بە سەرپەرشتی (دکتۆر احمد عبد عون) سەرۆکی بەش و، (مامۆستاى یاریدەدەر دەشنێ عەبدولڵا سەعيد) مامۆستای بەڕێوەچوو، لە میانەى سەردانەکەیاندا لەلایەن كاروان حيدر بەڕێوەبەرى ڕادیۆ و تەلەفزیۆنى جیهان کورتەیەک لەبارەى چۆنیەتی کارکردن لە ڕادیۆ و کەناڵی تەلەفزیۆنی پێشکەش بەفێرخوازان کرا، دواتر فێرخوازان ستۆدیۆیەکانى دامەزراوەکەیان بەسەرکردەوە، لەوانە ژووری بەرنامە ڕاستەوخۆکان و چۆنیەتی ئامادەکاری بۆ بەرنامە و ناساندنی کارمەندان، بەڕێوەبەری کەناڵەکە ئەوەی ڕوونکردەوە کە زانکۆی جیهان-هەولێر تاکە زانکۆیە لەسەر ئاستی عێراق کە ڕادیۆ و کەناڵی تەلەفزیۆنی تایبەت بەخۆی هەبێت.
لە میانەى گفتوگۆکاندا، بەڕێوەبەری کەناڵەکە بڕیاریدا فێرخوازان دابەش چەند گروپێک بکرێن بۆ کارکردن لە بەرنامەی ڕادیۆیی بە زمانی ئینگلیزی، وتیشى لە بەرنامەکاندا فێرخوازانی بەشى پەروەردەى گشتى دەتوانن گفتوگۆ لەسەر چەند تەوەرێک بکەن، کە تێیدا دەتوانن بیرۆکە و تواناکانیان و بەهرەمەندیان بە زمانی ئینگلیزی بخەنەروو.
لە کۆتاییدا (دکتۆر احمد عبد عون ) دەستخۆشی لە كاروان حيدر و تیمەکەی کرد و، ئەو هەوڵ و ماندوو بوونەیان لە بواری ڕاگەیاندن و بەردەوامیان لە پەیوەندیکردن لەگەڵ تیمی کار بۆ باشترکردن و بەرەوپێشبردنی کەناڵەکە لە بواری ڕاگەیاندن بە تایبەتی لە بەرنامەی زمانی ئینگلیزی بەرزنرخاند.