فێرخوازانی بەشی پەروەردەی گشتی سەردانی پەیمانگەی جیهان دەکەن
ڕۆژی سێشەممە 16/11/2021 بە سەرپەرشتی (م.ی. دەشنێ عبداللە سعيد)، بەشی پەروەردەی گشتی لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانیەکی زانستی بۆ فێرخوازانی قۆناغی سێیەم بۆ پەیمانگەی جیهان ڕێکخست.
بەگەیشتنیان لەلایەن (مامۆستا نەوزاد طلعت عثمان) بەڕێوەبەرى پەیمانگەى جیهان پێشوازیان لێکرا. لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشەکاندا، بەڕێوەبەری پەیمانگە زانیارى تەواوی لەبارەى بەشەکانی پەیمانگە و، ژمارەی فێرخوازان و زمانی بە کارهێنراو لە کاتی وانە ووتنەوەدا پێشکەش بەمامۆستایان و فێرخوازانى بەشى پەروەردەى گشتى کرد.
هەر لە میانەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان هۆڵەکانی خوێندن بەسەرکردەوە و، ئاشناى چۆنیەتی بەکارهێنانی ڕێگەکانی وانەووتنەوە بوون، لەو چوارچێوەیەشدا بەڕێوەبەری پەیمانگەى جیهان ئامۆژگاری فێرخوازانی کرد، گرنگی تەواو بە کارامەییەکانی قسەکردن بە زمانی ئینگلیزی و باشتر کردنی توانستی زمانیان بدەن، هەروەک جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، کە پێویستە مامۆستا توانایەکی تەواوی لە بەڕێوەبردنی پۆل هەبێت، بەشێوەیەک ئەو ئەمانجانەی لە فێرکردندا هەیەتى بتوانێ بە دەستی بهێنێت.
پەیمانگەى جیهان لە ساڵی (٢٠١٩) دامەزراوە، فێرخوازان بۆ ماوەی (٥) ساڵ دەخوێنن و، دەرچووی ناوەندی وەردەگرێت، پەیمانگەکە لە (٣) بەش پێکهاتووە، کە بریتیین لە بەشەکانى (کارگێری، زانستی کۆمپیوتەر، ژمێریاری) لە ئێستادا (٦٠٠) فێرخواز دەخوێنن.