فێرخوازانی بەشی پەروەردەی گشتی سەردانێکی زانستییان بۆ قوتابخانەی بنەڕەتیی “شەهید بەهرام” ئەنجام دا
لە چوارچێوەی پلانی بەشی پەروەردەی گشتی بۆ بەستنەوەی لایەنی ئەکادیمی بە واقیعی مەیدانییەوە، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی (٢٦/١/ ٢٠٢٦)، فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشەکە، سەردانێکی زانستی و مەیدانییان بۆ قوتابخانەی بنەڕەتیی تێکەڵاوی “شەهید بەهرام” ئەنجام دا.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (دەشنێ عەبدوڵا سەعید) بەڕێوەچوو، شاندی زانکۆ لەلایەن (فارس جەوهەر عەلی) بەڕێوەبەری قوتابخانە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. لە میانی سەردانەکەدا، فێرخوازانی زانکۆ بەشدارییان لە ناو پۆلەکاندا کرد بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ستراتیژییەکانی وانەوتنەوەی زمانی ئینگلیزی (ELT)، بەتایبەت چۆنیەتی هاوسەنگکردنی نێوان هەر چوار کارامەییەکە (بیستن، قسەکردن، خوێندنەوە و نووسین) و گەیاندنی بابەتەکانی ڕێزمان و فۆنەتیک و وشەسازی بە شێوازێکی کارلێکەر (Interactive)، جگە لە لایەنی زانستی، فێرخوازان سەرنجیان خستە سەر “سایکۆلۆژیای پۆل” و تەکنیکەکانی بەڕێوەبردنی پۆل و ڕێگەکانی هاندانی قوتابیان لە قوتابخانە حکومییەکاندا.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی کارگێڕی و ستافی قوتابخانەی شەهید بەهرام کرد، جەختیشیان لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە سەردانانە “بەردی بناغە”ی ئامادەکردنی نەوەیەکی نوێی مامۆستایانن کە بتوانن تیۆرییە ئەکادیمییەکان بگۆڕن بۆ واقیعێکی پەروەردەیی بەرهەمدار.







