فێرخوازانی بەشی پەروەردەی گشتی لە میانەى سەردانێکیان بۆ قوتابخانەی کینگ ڕاهێنان لەبارەى تەکنیکە مۆدێرنەکانی وانەوتنەوە دەکەن
لە چوارچێوەی گرنگیدانی زانکۆی جیهان-هەولێر بە لایەنی پراکتیکی و مەیدانی، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (٤/٢/٢٠٢٥)، فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی پەروەردەی گشتی، گەشتێکی زانستیی مەیدانییان بۆ قوتابخانەی کینگی ناحکومی ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (دەشنێ عەبدوڵڵا سەعید) بەڕێوەچوو. لە سەرەتای گەشتەکەدا، شاندی زانکۆ لەلایەن (شەنگ عەبدولقادر) بەڕێوەبەری قوتابخانە و ستافی کارگێڕییەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. ئامانجی سەرەکیی ئەم سەردانە، ئاشناکردنی فێرخوازان بوو بە شێوازە مۆدێرن و هاوچەرخەکانی وانەوتنەوە لە ناو پۆلدا؛ بۆ ئەم مەبەستەش فێرخوازان ئامادەی وانەیەکی نموونەیی لە بابەتی زمانی ئینگلیزیدا بوون.
لە میانی وانەکەدا، چەندین ڕێگەی هاوچەرخی پەروەردەیی نمایش کران، لەوانە: دروستکردنی پەیوەندییەکی کاریگەر لەگەڵ قوتابیان بە بەکارهێنانی زمانی ئینگلیزی و، بەکارهێنانی هۆکارە بینراو و بیستراوەکانی وەک (وێنە و ڤیدیۆ) بۆ ڕوونکردنەوەی بابەتەکان بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش. هەروەها پڕۆسەی هەڵسەنگاندنی ئاستی تێگەیشتنی قوتابیان لە ڕێگەی پرسیار و ئەرکی ناو پۆلەوە بە شێوازێکی چالاک ئەنجامدرا. دواتر مامۆستای بابەت تیشکی خستە سەر گرنگیی “پلانی ڕۆژانە” و ڕایگەیاند کە داڕشتنی پلانێکی ورد بنەمای بەڕێوەبردنێکی سەرکەوتووانەی پۆلە و، پێویستە مامۆستا هەمیشە ڕەچاوی جیاوازیی تاکەکەسی لە ئاستی تێگەیشتنی قوتابیاندا بکات.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، گفتوگۆیەکی کراوە لە نێوان فێرخوازان و ستافی کارگێڕیی قوتابخانەکە بەڕێوەچوو بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی زانیاریی زیاتر. مامۆستای سەرپەرشتیار، دەستخۆشی لە ستافی قوتابخانەکە کرد و، سوپاس و پێزانین پێشکەشى ستافى قوتابخانەی کینگ کرد.








