فێرخوازانی بەشی ڕاگهیاندن کەمپەینی سەلامەتی میدیای ئەلیکترۆنی رادهگهیهنن
لە درێژەی کار و چالاکییە هۆشیارییەكانییدا، فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر لە ڕۆژی دووشەممە 29-9-2025 بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر دڵان ئیسماعیل سەردانێکی زانستیان بۆ قوتابخانەی ئامادەیی شێخ مەحمودی نەمری کوڕان ئەنجامدا.
لە دەستپێکی چالاکییەکەدا، مامۆستا شوان سەلیم ئیسماعیل، بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە، پێشوازی لە مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان کرد و سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی جیهان-هەولێر کرد، کە بەردەوام پشتیوانی قوتابخانەکە دەکەن بە ئەنجامدانی سیمینار و پێشکەشکردنی بابەتی گرنگ کە ئاستی هۆشیاری قوتابیان بەرز دەکەنەوە. پاشان فێرخوازان ناوەڕۆکى سمینارەکەیان پێشکەشکرد کە تایبەت بوو بە باسکرنی مەترسی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئاستی خوێندن و ژیانی کۆمەڵایەتی قوتابیان. لە بەشی یهكهمى سمینارەکەدا ڕزگار صالح ، فێرخوازى قۆناغی سێیەمی بەشی ڕاگەیاندن، بە وردی شێوازەکانی خۆپاراستنی تاکەکەسی لە مەترسییە دیجیتاڵییەکان ڕوون کردەوە، بە تایبەت جەختکردنەوە لەسەر پاراستنی نهێنییەکان، وریایی لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی کەسی، و ناسینەوەی هەژمارە ساختە و گومانلێکراوەکان.
لە بەشێكی تری سیمینارهكه، ئەڤین بەهجەت فێرخوازى قۆناغى چوارەم ڕوونکردنەوەی یاسایی پێشکەش کرد و وردەکارییەکانی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، هەروەک باسى لە جۆری ئەو سزایانە کرد، کە بەسەر سەرپێچیکاراندا هەژمار دەکرێن، بۆ ئەو مەبەستەش قوتابیانی قوتابخانەکەى لە خراپ بەکارهێنانی سۆشیال میدیا هۆشیار کردەوە، هاوکات، ژمارە و چۆنیەتی پەیوەندیکردن بە هێڵە گەرمەکانی فریاگوزاری و سکاڵاکردنى ڕوون کردەوە وەک خزمەتگوزارییەکی گرنگ.