فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن بەدواداچوون بۆ قۆناغەکانی بەرهەمهێنانی هەواڵ لە “ئاڤا میدیا” دەکەن
فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (١٧ی شوباتی ٢٠٢٦)، گەشتێکی زانستیی مەیدانییان بۆ کەناڵی “ئاڤا میدیا” لە شاری هەولێر ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی دکتۆر (عەممار نەجمەددین هەواس) بەڕێوەچوو، کە تێیدا لەلایەن (محەمەد خۆشناو) بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکان و، (دلێر حەسەن) ڕێکخەری بەشی پەیوەندییەکان، پێشوازییەکی گەرم لە شاندی زانکۆ کرا. لە میانی بەسەرکردنەوەی بەشە جیاوازەکانی کەناڵەکەدا، فێرخوازان ژووری هەواڵ (Newsroom) و ستۆدیۆکانی پەخشیان بەسەرکردەوە. لەوێدا، دکتۆر (ئەرشەد خەلیل شوانی) بەڕێوەبەری ئاوتپووتی (Output) ئاڤا میدیا، بەشێوەیەکى مەیدانیی تیشکی خستە سەر میکانیزمەکانی بەرهەمهێنانی هەواڵ لە سەرچاوە جیاوازەکانەوە و چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ جۆرە جیاوازەکانی زانیاری. هەروەها، ڕوونکردنەوەی وردى لەبارەی گرنگیی کاری پێکەوەیی و هەماهەنگی نێوان تیمە نووسین و تەکنیکییەکان بۆ سەرخستنی ئەرکە میدیاییەکان بەپێی ستانداردە جیهانییەکان پێشکەش بە فێرخوازان کرد. پاشان فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشنای پرۆسەی بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی میدیایی بوون و لە دانیشتنێکی کراوەدا، دکتۆر ئەرشەد خەلیل شوانی وەڵامی سەرجەم پرسیار و تێبینییە زانستییەکانی فێرخوازانی دایەوە.
لە کۆتایی گەشتەکەدا، مامۆستاى سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری ئاوتپووتی ئاڤا میدیا جەختیان لەسەر بەردەوامیی پەیوەندییەکانی نێوان زانکۆی جیهان-هەولێر و دامەزراوە میدیاییەکان و کەناڵى ئاڤا میدیا بەتایبەت کردەوە، وەک هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی بۆشایی نێوان خوێندنی ئەکادیمی و واقیعی کارکردنی پیشەیی، تاوەکو فێرخوازان دوای دەرچوونیان ئامادەیی تەواویان بۆ کارکردن لە بوارى ڕاگەیاندندا هەبێت.








