فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندنی تۆڕی میدیایی ڕووداو بەسەردەکەنەوە
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (١٢/٢/٢٠٢٥) فێرخوازانی قۆناغی یەکەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-ههولێر، بەسەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر دڵان ئیسماعیل، سەردانی تۆڕی میدیایی ڕووداویان کرد و، لە لایەن عەلی جاف بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی ڕووداو بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.
لە میانی سەردانەکەدا بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانى ڕوداو تێڕوانینێکی کورتی لەبارەی ڕۆڵی ڕووداو لە پێشکەشکردنی بەرنامە و پەخشکردنی هەواڵەکان پێشکەش بە فێرخوازان کرد و، جەختی لەسەر پابەندبوونی تۆڕەکە کردەوە بۆ گەیاندنی ناوەڕۆکی کوالیتی پرۆگرام و هەواڵەکان، دواتر هاوڵى فێرخوازانى کرد بۆ بەسەرکردنەوەى ستۆدیۆ جیاوازەکانی ڕووداو، لەو چوارچێوەیەشدا لەلایەن بەرپرس و کارمەندانى بەشەکانى ستۆدیۆ زانیارییان لەسەر پرۆسەی تۆمارکردن و خشتەی بەرنامەکانیان پێشکەش کرا و، ئاشنا کاری تیمی کارامە و پلاندانانی ورد بوون، پاشان فێرخوازان سەردانی ژووری کۆنترۆڵیان کرد و، زانیارى تەواویان لەبارەى چۆنیەتی بەڕێوەبردن و چاودێریکردنی پەخشی ڕاستەوخۆی بەرنامەکانی ستافی تەکنیکی پێدرا.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان ڕادیۆی ڕوداویان بەسەر کردەوە، بۆ ئەوە مەبەستەش بەرپرس و کارمەندانى ڕادیۆیەکە باسیان لە بەرنامە جیاوازە ڕادیۆییەکان کرد، کە ڕوداو بەرهەمی دەهێنن، هەروەها تیشک خرایە سەر چۆنیەتی گەیشتن بە پۆدکاست و بەرنامە ڕادیۆییەکانی ڕووداو بە ملیۆنان گوێگر و، ئەو کاریگەرییەی ئەو بەرنامانە لەسەر کۆمەڵگە هەیانبووە، پاشان دەرفەت بە فێرخوازان درا بۆ ئاشنابوون بە چۆنیەتى تۆمارکردنى بەرنامە ڕادیۆییەکان و ئاوێتەکردنى دەنگ و مۆسیقا و گفتوگۆکان لەگەڵ یەکتر.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، تۆڕى میدیایی ڕوداو دیاری تایبەتیان پێشکەش بە فێرخوازان کرد، هەروەک تیمی ڕووداو جەختیان لە گرنگی هاوکاری نێوان ڕووداو و بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی جیهان-ههولێر کردەوە، هانی فێرخوازانیان دا گرنگى بەلایەنى پراکیتکى بدەن، بۆ ئەوەش عەلی جاف ئامادەیی تۆڕى میدایی ڕووداوى پیشاندا بۆ ڕەخساندنى مەشق و ڕاهێنان بە فێرخوازان بۆ ئەوەی زیاتر پەرە بە تواناکانیان بدەن.