فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن باسێک لەبارەى تاوانی ئەلیکترۆنی پێشکەش بە فێرخوازانی زانکۆی سەڵاحەدین-هەولێر پێشکەش دەکەن
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (٣/٢/٢٠٢٦)، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (دڵان ئیسماعیل مەولود)، گروپێک لە فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانى بەشی دارایی و بانکی کۆلێژی بەڕێوەبردن و ئابووری لە زانکۆی سەڵاحەدین-هەولێریان کرد و بابەتێکیان بە ناونیشانی (تاوانی ئەلیکترۆنی و خۆپاراستن لێی) پێشکەش بە فێرخوازانى بەشەکە کرد.
سەرەتا شاندی فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر لەلایەن پڕۆفیسۆری یاریدەدەر (ئەمیر سەلیم محەمەد) سەرۆکی بەشی دارایی و بانکی و مامۆستایان (میدیا سەڵاح و فەرهەنگ عەبدولکەریم) پێشوازییان لێکرا. دوای گفتوگۆ لەسەر پڕۆسەی خوێندن و گرنگی چالاکییە مەیدانییەکان، فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن ناوەڕۆکی بابەتەکەیان پێشکەش کرد.
لە بەشی یەکەمدا، (سەرکار حوسێن) فێرخوازی قۆناغی سێیەم، بە وردی باسی لە چەمکی تاوانی ئەلیکترۆنی و جۆرە جیاوازەکانی کرد. ئاماژەی بەوە کرد کە تاوانی ئەلیکترۆنی تەنها هاککردن نییە، بەڵکو ناوزڕاندن، جەنگە دەروونییەکان لە سۆشیاڵ میدیا، دزینی ناسنامە و فێڵە داراییەکانیش دەگرێتەوە. جەختیشی کردەوە کە لە سەردەمی ئێستادا تاوانباران تەکنیکی جۆراوجۆر بۆ هەڵخەڵەتاندنی بەکارهێنەران و دەستکەوتنی زانیارییە نهێنییەکانیان بەکاردەهێنن.
لە بەشی دووەمدا، (قارەمان جەوهەر) فێرخوازی قۆناغی سێیەم، تیشکی خستە سەر ڕێگاکانی خۆپاراستن. جەختی لە چەند خاڵێکی سەرەکی کردەوە، وەک: بەکارهێنانی پاسوۆردی ئاڵۆز، کاراکردنی تایبەتمەندی (Two-Factor Authentication)، کلیک نەکردن لەسەر لینکە گوماناوییەکان و نوێکردنەوەی بەردەوامی سۆفتوێرەکان. هەروەها ئامۆژگاری فێرخوازانی کرد لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک پەنا بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان ببەن و تەسلیمی داواکاریی تاوانباران نەبن.
لە کۆتاییدا، سەرۆکی بەشی دارایی و بانکی زانکۆی سەڵاحەدین سوپاسی مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازانی زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد و، هیوای خواست ئەم جۆرە هەماهەنگییانە لەپێناو خزمەتی فێرخوازان بەردەوام بێت.







