فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن بەسەردانێکى زانستى كەناڵی ئاسمانیی سپێدە بەسەردەكەنەوە
لە چالاكییەكی زانستییدا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی 24-12-2025 فێرخوازانی قۆناغی یەكەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم)، بەسەردانێکى زانستى كەناڵی ئاسمانیی سپێدەیان لە شاری هەولێر بەسەركردەوە.
مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازان، سەرەتا لەلایەن (كاوە عارف) بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی كەناڵی ئاسمانیی سپێدە پێشوازییان لێ كرا، پاشان لەگەڵ (غازی عەلی عەلی) بەڕێوەبەری گشتیی كەناڵەكە کۆبونەوە، بۆ ئەوەش بەڕێوەبەری گشتیی كەناڵی ئاسمانیی سپێدە خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بەو سەردانەی فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندنی زانكۆی جیهان-هەولێر، پاشان لە وتەیەكدا بۆ فێرخوازان، تیشكی خستە سەر كاری ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستان و، ئەو دەرفەت و ئاڵنگارییانەی دێنە پێش میدیاكاران، هەروەها باسی لە گرنگیی خوێندنی ئەكادیمیی كرد لەبواری ڕاگەیاندن بۆ ئەو كەسانەی دەیانەوێت لە داهاتوودا ببنە ڕاگەیاندنكارێكی سەركەوتوو و پیشەیی. هاوكات ئاماژەی دا بە دەستپێكی پەخشی ئاسمانیی كەناڵەكە و ئەو ئامانجانەی لەپێناوییدا كاری بۆ دەكەن.
دواتر، فێرخوازان ژووری هەواڵ و ستۆدیۆكانی هەواڵی كەناڵەكەیان بەسەركردەوە، لەنزیكەوە ئاشنابوون بە چۆنییەتی بەرهەمهێنانی هەواڵ و هونەرەكانی پێشكەشكردنی هەواڵ بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆن. پاشان لە نزیكەوە ئاشنای كارەكانی ژووری كۆنترۆڵ بوون. لە بەشی كۆتایی سەردانەكەیاندا بۆ كەناڵی ئاسمانیی سپێدە، فێرخوازان ستۆدیۆ جیاوازەكانی كەناڵەكە و ژووی مۆنتاژیان بەسەركردەوە.
لەكۆتاییدا، مامۆستای سەرپەرشتیار بەناوی سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندنەوە سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیارانی كەناڵی ئاسمانیی سپێدە كرد و، هیوای خواست ئەم پەیوەندییەی نێوان كەناڵی سپێدە و بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر بەردەوام بێت.






