فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن بەشدارى لە مەراسیمی ناساندنی بەرهەمێکی مێژوویی تایبەت بە (محەمەد ئەمین زەکی بەگ) دەکەن
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی (٢٣/٢/٢٠٢٦)، گرووپێک لە فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بەشدارییان لە مەراسیمی ناساندن و بڵاوکردنەوەی کتێبی “بیرمەند و مێژوونووسی گەورەی کورد محەمەد ئەمین زەکی بەگ” کرد.
ئەم چالاکییە کەلتوورییە لە هۆڵی سەنتەری ڕۆشنبیریی زانکۆی سەڵاحەدین لە شاری هەولێر، بە چاودێریی سەرۆکایەتی زانکۆ و لەلایەن بەشی مێژووی کۆلێژی ئاداب و سەنتەری ڕۆشنبیری و ئەکادیمیی زانکۆی سەڵاحەدین ڕێکخرابوو، بە مەبەستی ڕێزلێنان لەو کەسایەتییە مەزنەی مێژووی کورد.
لە مەراسیمەکەدا فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن (ئاسۆ عەلی فەرەج) لە قۆناغی چوارەم، و (سەرکار حوسێن حەمەد و عومەر غالب عەبدوللـەتیف) لە قۆناغی سێیەم ئامادەییان هەبوو، کە تێیدا لە نزیکەوە گوێبیستی خوێندنەوەی زانستی و ڕەخنەیی بوون بۆ ئەم بەرهەمە نوێیە کە لە نووسینی (دکتۆر سەباحی غالیب)ـە. پسپۆڕانی بوارەکە وەک دکتۆر (محەمەد عەبدوڵا کاکەسوور)، دکتۆر (نەجاتی عەبدوڵا) و (شوان محەمەد ئەمین) تیشکیان خستە سەر بەها و قورسایی مێژوویی کتێبەکە، فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێریش لە ڕێگەی ئامادەبوونیانەوە ئەزموونێکی مەیدانییان دەربارەی چۆنیەتی ڕووماڵکردنی چالاکییە کەلتوورییەکان و ناسینی ناسنامەی نەتەوەیی بەدەستهێنا.
فێرخوازانی بەشداربوو لە ئاماژەیان بەوە کرد مەراسیمەکە بووە دەرفەتێک و لە نزیکەوە ئاشناى ژیان و بەرهەمی مێژوونووسى کورد محەمەد ئەمین زەکی بەگ بین، هەروەک بووە هەوێنێک تاوەکو لە داهاتوودا وەک ڕاگەیاندنکار بتوانن بە شێوازێکی زانستی و پیشەیی مێژوو و مۆسیقای نەتەوەیی لە میدیاکاندا بپارێزن.








