فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن بەشداری لە فیستیڤاڵی “ئاشتی” دەكەن
ڕۆژی یەكشەممە ڕێکەوتى (30-11-2025) بەشێك لە فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم) بەشدارییان لە فیستیڤاڵی ئاشتی كرد لە شاری هەولێر.
لەو چالاكییە ڕۆشنبیرییەدا، كە لە هۆڵی میدیا لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت، فێرخوازانی هەردوو قۆناغی سێهەم و چوارەمی بەشی ڕاگەیاندن تێیدا بەشداربوون، سەرەتای چالاكییەكەشیان بە ئامادەبوون لە كۆڕێكی شیعریی دەستیپێكرد كە بۆ نووسەر و شاعیر (تەڵعەت تاهیر) ڕێكخرابوو، تێیدا تەڵعەت تاهیر تیشكی خستە سەر ڕۆڵی ئەدەبییات لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، پاشان كۆمەڵێك لە تێكستە شیعرییەكانی پێشكەشی ئامادەبوان كرد. دواتر فێرخوازان پیشانگەی كتێبی فیتسیڤاڵەكەیان بەسەركردەوە و ئاشنابوون بە دوایین سەرچاوە زانستی و ڕۆشنبیرییە چاپكراوەكان بە زمانە جیاوازەكان.
بەشداریكردن لە چالاكی و بۆنە ڕۆشنبیرییەكان، یەكێكە لە ڕێگەكانی بەرزكردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و زانستی، هاوكات مانەوەی پەیوەندی بەردەوامی نێوان ناوەندە ئەكادیمییەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنییە، لەو پێناوەشدا بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر چالاكانە بەشداری لەو بۆنانەدا دەكات.






