فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن دەزگای موکریانی لە هەولێر بەسەردەكەنەوە
لە چوارچێوەی گەشتە زانستییەكانیدا، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى 13-1-2026 سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (دڵان ئیسماعیل مەولود) و، بە بەشدارى ژمارەیەک لە فێرخوازانی هەرچوار قۆناغی بەشی ڕاگەیاندن، گەشتێكی زانستیی بۆ دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی لە هەولێر ئەنجامدا.
مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن، لە لایەن کاروان عەبدوڵا، بەرپرسی دەزگای موکریانیی پێشوازییان لێکرا و، خۆشحاڵی خۆی بەو سەردانەی بەشی ڕاگەیاندن بۆ دەزگاكەیان دەربڕی. لە سەردانە زانستییەكەدا، فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشنای قۆناغە جیاوازەکانی ئامادەکردن و چاپکردنی کتێب و بڵاوکراوەکان بوون، لەوانە پرۆسەی دیزاین، ئامادەکاریی دەق، چاپکردن و، تۆمارکردنی کتێبەکان، وەک بەشێکی گرنگ لە میدیای نووسراو و پیشەسازیی چاپ و بڵاوکردنەوە.
لە بەشێكی دیكەی سەردانەكەدا، فێرخوازان سەردانی بەشی ئەرشیفی دەزگای موکریانییان کرد کە بەشێکی گرنگی کاری ڕاگەیاندنە. لەوێدا بە چەندەها سەرچاوەی جیاواز ئاشنا بوون، لەوانە بڵاوکراوە کۆن و نوێکان، دۆکیومێنتە مێژووییەکان، هەورەها ئەرشیفی دیجیتاڵی دەزگاکە. ئەم بەشە دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ فێرخوازان کە تێبگەن گرنگیی پاراستن و تۆمارکردنی زانیاری و سەرچاوەکان چۆن لە کاری لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی ڕۆژنامەوانییدا ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەبینێت.
وەک دەستخۆشی و هاندانی فێرخوازان بۆ پەرەپێدانی کەلتووری خوێندنەوە و بەردەوامبوون لە فێربوون، دەزگای موکریانی کۆمەڵێک کتێبی جۆراوجۆر لە بوارەکانی میدیا، ڕۆژنامەوانی و، توێژینەوە و کتێبە ئەدەبی و کەلتوورییەکانی پێشکەشی سەرجەم فێرخوازانی بەشداربوو کرد.
لە كۆتاییدا، مامۆستای سەرپەرشتیار، بەناوی سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندنەوە سوپاسی بەرپرس و كارمەندانی دەزگای موكریانیی كرد بۆ هاوكارییكردن و رێنماییكردنی فێرخوازان لەو گەشتە زانستییەدا، هیواشی خواست پەیوەندیی نێوان دەزگاكە و بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر بۆ خزمەتی زیاتری فێرخوازان بەردەوامیی هەبێت.







