فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن سەردانی ئاژانسی “خانی” دەكەن
لە بەردەوامیی گەشتە زانستییەكەیاندا بۆ شاری دهۆك، ڕۆژی شەممە 8-11-2025 بەشێك لە فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم) سەردانی ئاژانسی (خانی)یان كرد.
لەسەرەتادا (پەری بەرواری) بەڕێوەبەری كارگێڕی و دارایی ئاژانسی (خانی) بە گەرمیی پێشوازی كرد لە مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن، خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو سەردانە گرنگە دەربڕی بۆ ئاژانسەكەیان. لەمیانەی سەردانەكەدا، بەڕێوەبەری كارگێڕی و دارایی ئاژانسی خانی تیشكی خستە سەر چالاكییەكانی ئاژانسەكە كە خۆی دەبینێتەوە لە ڕووماڵكردنی هەواڵە ناوخۆیی و جیهانییەكان بەشێوەیەكی دیجیتاڵیی. دواتر، (مەتین نادر) نووسەر لە ئاژانسی (خانی) بەشێوەیەكی كرداریی فێرخوازانی ئاشناكرد بە شێواز و چۆنییەتی درووستكردن و بەرهەمهێنانی هەواڵ، هەروەها پەخشكردنی بەشێوەیەكی دیجیتاڵیی لە ماڵپەر و پلاتفۆرمەكانی سۆشیال میدیادا. فێرخوازانی ئامادەبوو بە گرنگییەوە لە كارەكانی ئاژانسەكەیان ڕوانی و بە دەرفەتێكی باشیان زانی بۆ ئاشنابوون بە شێوازی كاكردنی ئاژانسەكانی هەواڵ.
لەكۆتاییدا، مامۆستای سەرپەرشتیار بەناوی سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندنەوە سوپاسی هەریەكە لە (پەری بەرواری) و (مەتین نادر)ـی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەو دەرفەتە بۆ فێرخوازانی زانكۆی جیهان-هەولێر و، هیوای خواست كە هەماهەنگیی نێوان دامەزراوە میدیاییەكان و ناوەندە ئەكادیمییەكان بەردەوام بێت.






