فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن سەردانی دامەزراوەى گۆڤاری مەتین دەكەن
لە بەردەوامیی گەشتە زانستییەكەیاندا بۆ شاری دهۆك، ڕۆژی شەممە 8-11-2025 بەشێك لە فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم) سەردانی گۆڤاری (مەتین)یان كرد.
مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازان، لەلایەن (شەماڵ ئاكرەیی) سەرنووسەری گۆڤاری مەتین بەگەرمیی پێشوازیان لێ كرا و خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەكەی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر دەربڕی. لەمیانەی سەردانەكەدا، سەرنووسەری گۆڤاری مەتین تیشكی خستە سەر مێژووی دەرچوونی گۆڤارەكە كە گۆڤارێكی ڕۆشنبیریی گشتیی مانگانەیە، لە ئێستاشدا بەهەردوو شێوازی چاپ و دیجیتاڵیی بەردەستە بۆ خوێنەرانی. پاشان باسی لە ڕۆڵی كاریگەری گۆڤارەكە كرد لە كایەی ڕۆشنبیریی، لە هەمان كاتدا تیشكی خستە سەر هاوكاریی بەردەوامیی گۆڤارەكە بۆ نووسەران و ڕۆشنبیران و ئەو كەسانەی بابەت لە گۆڤارەكە بڵاودەكەنەوە. پاشان چەند ژمارەیەكی گۆڤارەكە بە دیاریی بەخشرایە فێرخوازان.
لەكۆتاییدا، مامۆستای سەرپەرشتیار بەناوی سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندنەوە سوپاسی شەماڵ ئاكرەیی كرد كرد بۆ ڕەخساندنی ئەو دەرفەتە و لەنزیكەوە ئاشنابوونی فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن بە شێوازی كاركردن لە گۆڤاری مەتین.






