فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن قوتابیانی قوتابخانەیەك بە ژیریی دەستكرد ئاشنا دەكەن
لە بەردەوامیی چالاكییە زانستی و ڕۆشنبیرییەكانیاندا، ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی 27-10-2025 فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی ڕاگەیاندن بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (عەلی جەلال جەعفەر) سیمینارێكیان دەربارەی (چۆنییەتی سوودوەرگرتن لە ژیریی دەستكرد) لە ئامادەیی (ناوداران)ـی ناحكومی پێشكەش كرد.
مامۆستا (پێشواز شەفیق) بەرێوەبەری قوتابخانە و بەشێك لە ستافی مامۆستایانی قوتابخانە پێشوازییان لە مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازان كرد، خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی بۆ ئەو دەستپێشخەرییەی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر بۆ ئەنجامدانی ئەو چالاكییە ڕۆشنبیری و زانستییە.
لە بەشی یەکەمدا، فێرخواز سەرکار حسێن تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ژیریی دەستکرد (AI) لە ژیانی قوتابخانەدا، ئاماژەی بەوەدا کە AI وەک “یاریدەدەرێکی خێرا” وایە، چۆن دەتوانێت یارمەتی قوتابیان بدات لە چارەسەرکردنی پرسیارە قورسەکان، کورتکردنەوەی بابەتە درێژەکان و ئامادەکردنی پڕۆژەکانی قوتابخانە، هاوكات جەختی لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی تەندرووستی AI کردەوە بۆ فێربوونی زیاتر و سەربەخۆیی لە خوێندندا، نەک تەنها بۆ کۆپیکردن. لە بەشی دووەمیشدا، فێرخواز ژیلیا حاتەم باسی لە سوود و مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد كرد و تیشکی خستە سەر ئەو کێشانەی کە ڕەنگە تووشی قوتابیان ببن، وەک: پشتبەستنی زۆر بە AI کە دەبێتە هۆی لەدەستدانی توانای مێشكی خۆیان، یان کۆپیکردنی تەواوی کارەکان دەبێتە هۆی بەهەڵەدابردنی قوتابی، بەهۆی درووستنەبوونی زانیارییەكانی لە هەمووكاتێكدا. هاوكات، بە وردی باسی لە چۆنیەتی پاراستنی ژیانی تایبەت کرد لە بەركاهێنانی ئامڕازە جیاوازەكانی ژیریی دەستكرد. لە بەشی کۆتایی سیمینارەکەشدا، فێرخوازانی قوتابخانەکە لەڕێگەی چەند پرسیارێكەوە گفتوگۆیان لەگەڵ هەردوو فێرخوازی پێشكەشكار كرد و زیاتر سوودمەندبوون لە ناوەڕۆكی سیمینارەكە.
لەكۆتاییدا، مامۆستای سەرپەرشتیار سوپاسی بەرێوەبەری قوتابخانە و ستافی قوتابخانەکەی کرد بۆ ئەم دەرفەتەی كە بۆ فێرخوازانیان ڕەخساند، لای خۆشییەوە بەڕێوەبەری قوتابخانەكە وێڕای دەستخۆشی هیوای خواست زانكۆی جیهان-هەولێر بەردەوام بێت لە ئەنجامدانی ئەم جۆرە چالاكییانە.






