فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە ئامادەیی فاخیر میرگەسۆری چالاکیەکیان لەبارەى هۆشیاریی تەندروستی بەڕێوەبرد
لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی گەنجان و ناساندنی ڕۆڵی میدیا لە بڵاوکردنەوەی زانیارییە تەندروستییەکاندا، ڕۆژی پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٩/١/٢٠٢٦)، گرووپێک لە فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (دڵان ئیسماعیل مەولود)، سیمینارێکیان بە ناونیشانی “ڕۆڵی میدیا لە گەشەکردنی هۆشیاریی تەندروستی” بۆ قوتابیانی ئامادەیی فاخیر میرگەسۆری ئەنجام دا.
ناوەڕۆکی سیمینارەکە لەلایەن فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی ڕاگەیاندن (ئەحمەد کامەران، سەروین سیامەند، ڕەنج عەبدولڕەحمان) پێشکەش کرا. لە سەرەتای سیمینارەکەدا، فێرخواز ئەحمەد کامەران بە شێوەیەکی گشتی باسی لە گرنگیی میدیا کرد لە گەیاندنی زانیاریی تەندروستی و، ڕوونی کردەوە کە چۆن ڕاگەیاندن دەتوانێت ببێتە پردێک بۆ گەیاندنی پەیامی تەندروستی بە نەوەی نوێ. لە بەشی دووەمدا، فێرخواز سەروین سیامەند ئاماژەی بەوە کرد کە چۆن تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن ببنە ئامڕازێکی کاریگەر بۆ هۆشیارکردنەوە دژی ڕەفتارە ناتەندروستەکان و پاراستنی گەنجان لە مەترسییە تەندروستییەکان.
لە بەشی کۆتاییدا، فێرخواز ڕەنج عەبدولڕەحمان باسی لە بەرپرسیارێتیی ڕاگەیاندنکار کرد لە گەیاندنی زانیاریی دروست و ڕاست؛ جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە قوتابیان فێربن چۆن بە شێوەیەکی پیشەیی و ئەخلاقی زانیاریی تەندروستی بڵاو بکەنەوە تا ببنە دەنگێکی متمانەپێکراو بۆ کۆمەڵگە. فێرخوازان جەختیان کردەوە کە “پاراستنی گیانی مرۆڤ لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە” و میدیا وەک چەکێکی کاریگەر دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە گۆڕینی ڕەفتارە ناتەندروستەکان.
لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەری قوتابخانەی فاخیر میرگەسۆری سوپاسی هەر سێ فێرخوازەکەی کرد بۆ پێشکەشکردنی سیمینارەکە و، جەختی لە بایەخی ئەم جۆرە چالاکییانە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی قوتابیان کردەوە.







