فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە سەنتەرى شاری هەولێر هەڵمەتێکی هۆشیارییان لەبارەى چۆنیەتى بەکارهێنانی مۆبایل بەڕێوەبرد
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٥-١-٢٠٢٦، بەشێك لە فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، هەڵمەتێکی هۆشیاریی فراوانیان لە بازاڕی قەڵات و ناوەندی شاری هەولێر ئەنجام دا.
ئەم هەڵمەتە بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم) بەڕێوەچوو و، هەریەكە لە ئاكۆ ئەكرەم، ئاراس نازم، تەنیا فەتاح فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی ڕاگەیاندن لەنێو بازاڕی قەڵاتی هەولێر دەستیان كرد بە دابەشكردنی پڕۆشوور و بڵاوكراوە، كە جەختیان لەسەر گۆڕینی دیدگای هاووڵاتیان دەکردەوە بۆ ئامێری مۆبایل. هەروەها فێرخوازان لە ڕێگەی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی بازاڕ، ڕێگەکانی سوودوەرگرتن لە مۆبایلیان بۆ مەبەستی پەرەپێدانی زانستی و فێربوون ڕوونکردەوە.
لە چالاکییەدا چەند درووشمێکی کاریگەر بەکارهێنرابوون بۆ هاندانی هاووڵاتیان لەبارەى چۆنیەتى بەکارهێنانی مۆبایل بە شێوەیەکی بەرهەمدار، لەوانە: “مۆبایلەکەت بکە بە کتێبخانە، نەوەک زیندان”، مەبەست لێی ئاماژەدان بوو بەوەی مۆبایل دەکرێت دەروازەیەک بێت بۆ جیهانی زانیاری، نەک تەنها هۆکارێک بۆ بەفیڕۆدانی کات و دابڕان لە ژیانی ڕاستەقینە. هەروەها درووشمی “مۆبایل بەکاربهێنە بۆ فێربوون”، كە جەختکردنەوە بوو لەسەر ئەو هەزاران سەرچاوە و خولە ئۆنلاینانەی کە لە ڕێگەی ئەم ئامێرەوە بەردەستن. یەكێكی دیكە لە درووشمەكانی هەڵمەتەكە بریتیی بوو لە “خۆت زیرەک بکە”، كە تێیدا پەیامێک بوو بۆ گەنجان تاوەکو تەکنەلۆژیا وەک ئامڕازێک بۆ بەهێزکردنی تواناكانیان بەکاربهێنن.







