فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە قوتابخانەی چراى بنەڕەتیی باس لە پاراستنى ژینگە دەكەن
ڕۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی 25-1-2026 فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر سەردانى قوتابخانەی (چرای فێركردنی خێرای كچان)یان لە هەولێر كرد و سیمینارێكیان دەربارەی پیشبوونی ژینگە و چۆنییەتی پاراستنی ژینگە پێشكەش بە قوتابیان کرد.
چالاكییەكە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (دڵان ئیسماعیل مەولود) بەڕێوەچوو، بۆ ئەو مەبەستە مامۆستا (ڕازاو كەریم فەرەج) دواى ئەوەى پێشوازی لە فێرخوازان كرد، دەستخۆشیی لێیان كرد لە بەرامبەر ئەو دەسپێشخەرییەیان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی قوتابیان دەربارەی بابەتێكی گرنگی وەك ژینگە.
پاشان هەریەكە لە چیان مەهدی و زوهەیلە یوسف فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی ڕاگەیاندن ناوەڕۆكی سیمینارەكەیان پێشكەش كرد. لەو چوارچێوەیەدا سەرەتا فێرخواز چیان مەهدی بە وردی تیشكی خستە سەر چەمكی پیسبوونی ژینگە و ئەو هۆكارە سەرەكییانەی كە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر سرووشت. ناوبراو باسی لەوە كرد كە چۆن دووكەڵی كارگەكان و زۆربوونی ڕێژەی پلاستیك كاریگەریی خراپ لەسەر تەندرووستی مرۆڤ و زیندەوەران درووست دەكەن، جەختیشی كردەوە كە پیسبوونی ژینگە مەترسییەكی جیهانییە و دەبێت لە تەمەنی منداڵییەوە وەك هۆشیارییەك لە مێشكی هەموو تاكێكدا بچێنرێت بۆ ئەوەی بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ژینگەی دەورووبەریان بكەن.
پاشان، فێرخواز زوهەیلە یوسف ڕێگەكانی پاراستنی ژینگەی لە پیسبوون ڕوون كردەوە و كۆمەڵێك ڕێنمایی پێشكەش بە قوتابیان كرد. ئاماژەی بە گرنگی زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی و چاندنی نەمام كرد، هەروەها باسی لە شێوازی دووبارە بەكارهێنانەوەی كەرەستەكان و كەمكردنەوەی خاشاك كرد. لە كۆتایی قسەكانیدا، قوتابیانی هان دا كە وەك دۆستی ژینگە ڕەفتار بكەن و، پاراستنی پاك و خاوێنی قوتابخانە و كۆڵانەكانیان بە ئەركێكی نیشتمانی و مرۆڤایەتی بزانن.
لەكۆتایی چالاكییەكەدا، بەڕێوەبەری قوتابخانەی (چرای فێركردنی خێرای كچان) سوپاسی هەردوو فێرخوازەكەی بەشی ڕاگەیاندنی لە زانكۆی جیهان-هەولێر كرد بۆ پێشكەشكردنی ناوەڕۆكی سیمینارەكە، هیواشی خواست چالاكییە هاوشێوەكان بەردەوامییان هەبێت بەمەبەستی بەرزكردنەوەی هۆشیاریی تاك و كۆمەڵگە لە بەرامبەر پرسە گرنگەكانی وەك ژینگە.







