فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە قوتابخانەیەكی شاری هەولێر باس لە ژیریی دەستكرد دەكەن
ڕۆژی سێشەممە ڕێكەوتی 27-1-2026 فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (دڵان ئیسماعیل مەولود)، سیمینارێكیان بەناونیشانی “ژیریی دەستکرد (AI) لە دامودەزگا حکومییەکان و سۆشیاڵ میدیا” لە قوتابخانەی “دارەبەن”ـی تێكەڵاو ئەنجام دا.
فێرخوازان لەلایەن (تەڵعەت حەمید) بەڕێوەبەری قوتابخانەی دواناوەندیی دارەبەنی تێکەڵاو پێشوازییان لێ كرا و، ئەو دەسپێشخەرییەی بەشی ڕاگەیاندنی لە زانكۆی جیهان-هەولێر کرد بەرز نرخاند، بەتایبەتی كە باس لە تەكنەلۆژیای ژیریی دەستكردە. پاشان هەریەک لە (عیسام عوبێد) و (ڕەسەن قانیع) فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی ڕاگەیاندن بە وردی تیشکیان خستە سەر نوێترین پێشهاتەکانی تەکنەلۆژیا و کاریگەرییەکانی ژیریی دەستکرد (AI) لەسەر سێکتەرە جیاوازەکانی ژیان. لە تەوەری یەكەمی سیمینارەكەدا باسیان لە ڕۆڵی گرنگی ژیریی دەستكرد (AI) لە پەرەپێدانی کارگێڕیی و خێراکردنی ڕێکارەکان لە فەرمانگە حکومییەکاندا کرد. فێرخوازان ڕوونیان کردەوە کە چۆن ئەم تەکنەلۆژیایە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ڕۆتین، ڕێکخستنی داتاکان بە وردییەکی بەرز و بەدەستهێنانی ئەنجامی خێرا لە خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا.
لە تەوەری دووەمی سیمینارەكەدا، بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ژیریی دەستکرد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ناوەندەکانی خوێندنی وەک زانكۆ و قوتابخانەکان تاوتوێ کرا. فێرخوازان ئاماژەیان بەوە کرد کە سەرەڕای سوودە گەورەکانی لە گەڕان بەدوای زانیاری و گەشەپێدانی فێربوون، بەڵام دەبێت وریای مەترسییەکانی بین، وەک بەزاندنی سنووری ژیانی تایبەت و ئەو کاریگەرییە کۆمەڵایەتییانەی دەیبێت لەسەر گەنجان.
لە كۆتاییدا، بەڕێوەبەری قوتابخانەی (دارەبەن) سوپاسی فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندنی كرد بۆ پێشكەشكردنی ناوەڕۆكی سیمینارەكە.







