فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە پەیمانگەى (CIS) باس لە ژیریی دەستكرد دەكەن
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 28-1-2026 فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (دڵان ئیسماعیل مەولوود) سەردانی پەیمانگەی (CIS)یان لە شاری هەولێریان کرد و، سیمینارێکیان بەناونیشانی (ژیریی دەستکرد له دیدی گەنجان) پێشکەش کرد.
هەریەکە لە فێرخوازانی قۆناغی سێهەمی بەشی ڕاگەیاندن (موستەفا تەغلوب، ڕەند نوعمان، تەمار عامر) سەردانی پەیمانگەی (CIS)یان لە شاری هەولێریان کرد بەمەبەستی ئەنجامدانی سیمینارێك بە ناونیشانی (ژیریی دەستکرد له دیدی گەنجان). فێرخوازان لەلایەن (محەممەد موحسین حەمید)، بەڕێوەبەری کاروباری قوتابیانی پەیمانگەی ناوبراوەوە پێشوازییان لێ کرا و، دەستخۆشیی ئاڕاستەی فێرخوازان کرد لە بەرامبەر ئەو دەسپێشخەرییەیان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی قوتابیان.
لە بەشی یەكەمی سیمینارەكەدا، فێرخواز (موستەفا تەغلوب) تیشکی خستە سەر چەمکەکانی ژیریی دەستکرد و پەیوەندیی نێوان ئەم تەکنەلۆژیایە و بواری پەیوەندییە گشتییەکان، وەک سیستەمێک کە لاسایی بیرکردنەوەی مرۆڤ دەکاتەوە. لە بەشی دووەمی سیمینارەکەدا، فێرخواز (ڕەند نوعمان) باسێکی وردی لەسەر درووستکردن و بەڕێوەبردنی “ناوەڕۆکی زیرەک” پێشکەش کرد، لەگەڵ چۆنیەتی داڕشتنی پەیامی میدیایی و دیاریکردنی کاتی گونجاو بۆ بڵاوکردنەوە. لە بەشی کۆتایی سیمینارەکەدا، فێرخواز (تەمار عامر) باسی لە بنیاتنانی ناوبانگی دامەزراوەیی، بەبازاڕكردنی ئەلیکترۆنی و پێوانەکردنی کارایی ڕاگەیاندن لە ڕێگەی ئامرازەکانی ژیریی دەستکردەوە كرد.
لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەری کاروباری قوتابیانی پەیمانگەی CIS سوپاسی ئاڕاستەی هەرسێ فێرخواز کرد بۆ پێشکەشکردنی ئەو سیمینارە گرنگە، خۆشحاڵی خۆی بۆ ئاستی زانستیی فێرخوازان و هەڵبژاردنی ئەم بابەتە سەردەمیانەیە دەربڕی.







