فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە پەیمانگەیەكی شاری هەولێر باس لە پەیوەندیی پیشەیی لەنێوان قوتابیاندا دەكەن
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 28-1-2026، فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەکەریم)، سەردانی پەیمانگەی نیشتمانیی ناحکومییان کرد و سیمینارێکیان لەژێر ناونیشانی (پەیوەندیی پیشەیی لەنێوان قوتابیاندا) پێشکەش کرد.
هەریەکە لە فێرخوازان (فەرەیدوون سالار و نەجوا باقی) لەلایەن (ئاریان کامەران فازڵ)، یاریدەدەری بەڕێوەبەری پەیمانگە بۆ کاروباری کارگێڕیی لە پەیمانگەی نیشتیمانی پێشوازییان لێ کرا. بەڕێوەبەرایەتی پەیمانگە دەستخۆشیی ئاڕاستەی فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی جیهان-هەولێر کرد بۆ هەڵبژاردنی ئەم بابەتە گرنگە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژینگەی خوێندن و گەشەی کەسایەتیی قوتابیان هەیە.
لە بەشی یەکەمی سیمینارەکەدا، فێرخواز (فەرەیدوون سالار) تیشکی خستە سەر چەمکی پەیوەندیی پیشەیی وەک پەیوەندییەک کە لەسەر بنەمای ڕێز و ئامانجی هاوبەش درووست دەبێت، هەروەها جیاوازیی نێوان “هاوڕێیەتیی کەسی” و “هاوپۆلی پیشەیی” بۆ ئامادەبووان ڕوون کردەوە. ناوبراو جەختی لە سێ بنەمای سەرەکی کردەوە کە بریتین لە: ڕێزی دوولایەنە، پاراستنی سنووری کەسی و ڕاستگۆیی. لە درێژەی قسەکانیدا، باسی لە گرنگیی کارامەییەکانی پەیوەندیکردن (وەک گوێگرتنی چالاک و زمانی جەستە) و بایەخی کارکردن بە تیم (Teamwork) لەناو پۆلدا کرد بۆ گەیشتن بە سەرکەوتنی بەکۆمەڵ.
لە بەشی دووەمی سیمینارەکەدا، فێرخواز (نەجوا باقی) باسی لە چۆنیەتیی چارەسەرکردنی ململانێکان بە شێوازێکی هێمن و گفتوگۆی ڕاستەوخۆ کرد. هەروەها تەوەرێکی گرنگی سیمینارەکەی تەرخان کرد بۆ “ئەتەکێتی بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا و گرووپەکانی خوێندن”، تێیدا جەختی کردەوە کە پێویستە ئەم گرووپانە تەنها بۆ زانیاریی زانستیی بەکاربهێنرێن و ڕێز لە کاتی تایبەتی هاوپۆلەکان بگیرێت. لە کۆتایی قسەکانیدا، سوودەکانی پەیوەندیی پیشەیی بۆ قوتابیان خستە ڕوو، لەوانە: درووستکردنی ناوبانگێکی باش و درووستکردنی تۆڕی پەیوەندی بۆ دۆزینەوەی هەلی کار لە داهاتوودا.
لە کۆتاییدا، یاریدەدەری بەڕێوەبەری پەیمانگەی نیشتمانی سوپاسی ئاڕاستەی هەردوو فێرخواز و بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر کرد، جەختی کردەوە کە ئاشنابوونی قوتابیان بەم بنەما پیشەییانە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی فشارە دەروونییەکان و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبارتر بۆ فێربوون.







