فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن نووسینگەی ئاڤامیدیا لە دهۆك بەسەردەكەنەوە
لە درێژەی گەشتێكی زانستییدا بۆ شاری دهۆك، ڕۆژی شەممە 8-11-2025، بەشێك لە فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم) سەردانی نووسینگەی كەناڵی (ئاڤا)یان كرد.
مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازان، لەلایەن (سامیە مەجید) بەڕێوەبەری سۆشیال میدیای نووسینگەی ئاڤا لە دهۆك بە گەرمیی پێشوازییان لێ كرا و، خۆشحاڵی خۆیان بەو سەردانەی فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندنی زانكۆی جیهان-هەولێر دەربڕی.
لەمیانەی سەردانەكەدا، بەڕێوەبەری سۆشیال میدیای نووسینگەی ئاڤا لە دهۆك، باسی لە كارەكانی نووسینگەكەیان كرد لە گەیاندنی دەنگ و ڕەنگی خەڵكی شاری دهۆك، هەروەها ئەرك و ڕۆڵیان لە هەماهەنگی و هاوكاریی نووسینگەی سەرەكیی كەناڵی ئاڤا لە ڕووماڵكردنی ڕووداوەكانی دەڤەرەكە، هاوكات تیشكی خستە سەر ڕادیۆی (ئاڤا بەهدینان) وەك بەشێکی گرنگی پڕۆژەی گرووپی میدیایی ئاڤا کە تا ئێستا چەندین بەرنامە و ڕاپۆرت و بەدواداچوونی لە دەڤەری بادینان بڵاوكردووەتەوە، ئەوەش سەرەڕای بچووكی شوێن و كەمی ڕووبەری بەردەست بۆ ڕاپەڕاندنی كارەكانیان.
لەكۆتاییدا، مامۆستای سەرپەرشتیار سوپاسی (سامیە مەجید)ـی كرد بۆ پێشوازیكردن و بەدەمەوەبوونی فێرخوازان لە ئاشناكردنیان بە كارەكانی نووسینگەی ئاڤا لە دهۆك، هیواشی خواست بەردەوام بن لە ڕەخساندنی دەرفەتی هاوشێوە بۆ ناوەندە ئەكادیمییەكان.






