فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی شێرپەنجەی مەمک بەڕێوەدەبەن
لە چوارچێوەی هەڵمەتە جیهانییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجەی مەمکدا، ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٦/١٠/٢٠٢٥) فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر دڵان ئیسماعیل مەولود، هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوەیان لە بازاڕی میللی گەڕەکی نەورۆز لە هەولێر ئەنجامدا.
لەو هەڵمەتەدا، کە فێرخوازانی کچ لە سەرجەم قۆناغەکانی بەشى ڕاگەیاندن بەشدارییان تێدا کرد، تیایدا پڕۆشوری تایبەت، کە زانیاریی ورد و پشتڕاستکراوەی زانستی لەسەر چۆنیەتیی خۆپاراستن لە شێرپەنجەی مەمک، گرنگیی ژیانی تەندروست،و نیشانە سەرەتاییەکانی نەخۆشییەکە لەخۆگرتبوو بەسەر هاوڵاتیان و ڕێبواران بە تایبەت ژنان دابەشیان کرد. هەروەها، بەشێکی گرنگی دیکەى هەڵمەتەکە بریتی بوو لە دابەشکردنی لۆگۆی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی مەمک (پیتە پەمەییەکان)، ئەم لۆگۆیانە لەلایەن تیمەکانی فێرخوازانەوە بە ژنانی نێو بازاڕەکە بەخشران و بە سینگیانەوە بەستران، ئەوەش یارمەتیدەر بوو لە دروستکردنی کاریگەرییەکی بینراو و پەرەسەندنی پەیامی هۆشیاری لەناو ژمارەیەکی زۆری خەڵکدا.
لە بەرامبەردا هاوڵاتیان و ژنان و کچان خۆشحاڵیان بە بەڕێوەبردنى ئەو هەڵمەتە پیشاندا و، دەستخۆشى و سوپاسى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد بۆ گەیاندن و بڵاوکردنەوەى پەیامی هۆشیاریی تەندروستى دروستکردنی گۆڕانکاریی ئەرێنی لەناو کۆمەڵگە و خزمەتی گشتی کۆمەڵگە.