فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن هەڵمەتێكی ڕۆشنبیریی تەندرووستی بەڕێوەدەبەن
لە چالاكییەكی مەیدانییدا، ڕۆژی سێشەممە ڕێكەوتی 3-2-2026، بەشێك لە فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم)، هەڵمەتێكی ڕۆشنبیریی تەندرووستییان لە پاركی سامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبرد.
هەڵمەتەكە، لەلایەن هەریەكە لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی ڕاگەیاندن (دانا سامان، ڕێباز خۆشەوی، پەیام ئاری، ئورفە حاجی) ئەنجام درا بە ناونیشانی “خۆپاراستن باشترە لە چارەسەر”، كە لەناو بەشی وەرزشی پاركی سامی عەبدولڕەحمان لە شاری هەولێر، دەستیان كرد بە دابەشكردنی بڵاوكراوەیەك بەسەر ئەو كەسانەی بەمەبەستی وەزشكردن ڕوویان لەو شوێنە كردبوو.
ناوەڕۆكی بڵاوكراوەكە تیشكی خستبوویە سەر چوای تەوەری سەرەكی، ئەوانیش؛ پشكنینی بەردەوام: كە تێیدا فێرخوازان جەختیان لەوە کردەوە کە ئەنجامدانی پشکنینی خولیی و پێشوەختە، کلیلی دۆزینەوەی هەر گرفتێکی تەندروستییە لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا. خواردنی هاوسەنگ: لەم بەشەدا تیشک خرایە سەر گرنگی خواردنی سەوزەوات، میوە و کەمکردنەوەی شەکر و خوێ، لەگەڵ ڕێنمایییکردنی هاوڵاتییان بۆ وەرگرتنی وزەی پێویست لە سەرچاوە خۆراکییە سروشتییەکان بۆ بەهێزکردنی کۆئەندامی بەرگری. چالاكیی جەستەیی: بڵاوکراوەکە ڕێنمایی هاوڵاتییانی دەکرد کە ڕۆژانە بەلایەنی کەمەوە (٣٠) خولەک وەرزشی مامناوەند ئەنجام بدەن، چونکە چالاكیی جەستەیی نەک تەنها بۆ تەندرووستی دڵ و ماسولکەکان، بەڵکو بۆ کەمکردنەوەی فشاری دەروونی و دڵەڕاوکێش زۆر گرنگە. تەوەری چوارەمی بڵاوكراوەكە بریتیی بوو لە خەوی پێویست، كە تێیدا ئاماژە بەوە درابوو خەوی تەندرووست (٧ بۆ ٨ کاتژمێر لە شەودا) یارمەتی مێشک و جەستە دەدات بۆ نوێبوونەوە و ڕێکخستنەوەی هۆرمۆنەکان، کە ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئاستی چالاکیی ڕۆژانەی مرۆڤ هەیە.
لە هەڵمەتەکەدا، هاوڵاتییان و وەرزشەوانان دەستخۆشییان لە فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن کرد بۆ ئەم دەستپێشخەرییە، کە ئامانج لێی بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیریی تەندرووستی بوو لەناو کۆمەڵگەدا.







