فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن هەڵمەتێکی ژینگەییان بۆ پاراستنی باڵندە کێوییەکان ئەنجامدا
لە پێناو پەرەدان بە كەلتووری ژینگەپارێزی و بووژانەوەی ژینگە و پاراستنی باڵندە كێوییەكان، چەند فێرخوازێكی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی جیهان-هەولێر، هەڵمەتێکی دابینكردنی خواردنیان بۆ پاراستنی باڵندە کێوییەکان لە ناوچە شاخاوییەکان ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە لە ڕۆژانی یەكشەممە و دووشەممە ڕێكەوتی 25-26 /1/ 2026 بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەکەریم) بەڕێوەچوو، هەریەکە لە (ڕزگار ساڵح، عەلی عومەر، جگەرخوێن ڕەجەب) لە فێرخوازانی قۆناغى یەکەم و سێیەمى بەشی ڕاگەیاندن تێیدا بەشداربوون. فێرخوازان بە سەردانێکی مەیدانیی چوونە چیای (سەفین) و ناوچەی (گەلی زەنتە)، کە بەهۆی سەرما و بارینی بەفرەوە لەم وەرزەدا، باڵندە کێوییەکان ڕووبەڕووی کەمیی سەرچاوەی خۆراک دەبنەوە.
لە درێژەی هەڵمەتەکەدا، بڕێکی زۆر لە دانەوێڵە لە شوێنە جیاجیاکانی ئەو دوو ناوچە شاخاوییە بڵاوکرایەوە. ئامانج لەم کارە، جگە لە ڕەهەندە مرۆییەکەی، نیشاندانی ڕۆڵی کاریگەری فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندنە لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بەرامبەر بە پاراستنی سروشت و ژینگەی کوردستان.
سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندن دەستخۆشى لە فێرخوازانی کرد لە بەرامبەر ئەم جۆرە کارانە، كە دەبنە هۆی بەهێزکردنی هەستی بەرپرسیارێتیی لای فێرخوازان و فێریان دەکات کە ڕاگەیاندن تەنها گواستنەوەی هەواڵ نییە، بەڵکو پێشەنگایەتیکردنی کارە مرۆییەکان و خزمەتکردنی ژینگەیە.







