فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن هەڵمەتێکی هۆشیاری دەربارەی سوودەکانی وەرزش ئەنجامدا
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٨/١/٢٠٢٦)، گروپێک لە فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەکەریم)، هەڵمەتێکی هۆشیارییان دەربارەی سوودەکانی وەرزشکردن لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان لە شاری هەولێر ئەنجام دا.
هەردوو فێرخوازی قۆناغی چوارەمی بەشی ڕاگەیاندن، ئارەزوو عەلی و نەجیبە عەبدولغەفور، بڵاوکراوەیەکیان بە ناونیشانی “وەرزش بکە و تەندروست بژی” بەسەر ئەو هاووڵاتییانە دابەش کرد، کە بۆ بەسەربردنی کاتی خێزانی و ئەنجامدانی وەرزش ڕوویان لە پارکەکە کردبوو.
ناوەڕۆکی بڵاوکراوەکە بە وردی تیشکی خستبووە سەر گرنگییەکانی وەرزش لە چەند ڕەهەندێکی جیاوازدا؛ لەوانە ڕۆڵی وەرزش لە بەهێزکردنی کۆئەندامی بەرگری، پاراستنی کێشی لەش و ڕێگریکردن لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان. هاوکات تیایدا باس لە کاریگەرییە ئەرێنییەکانی وەرزش لەسەر لایەنی دەروونی کرابوو، بە تایبەت لە کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و بەرزکردنەوەی متمانە بەخۆبوون. لە لایەکی ترەوە، بڵاوکراوەکە ئاماژەی بە سوودە ئابوورییەکانی وەرزش کردبوو، کە چۆن دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی تێچووی چارەسەری پزیشکی و زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان. جگە لەوەی وەرزشە بەکۆمەڵەکان وەک هۆکارێک بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و گیانی هاوکاری ناسێنرابوون.
هاووڵاتیان دەستخۆشییان لەم دەسپێشخەرییەی فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر کرد و وەک ئەرکێکی مرۆیی و ئەخلاقیی میدیاکاران لە قەڵەمیان دا کە زانیاریی بەسوودیان گەیاندووەتە نێو کۆمەڵگە.







