فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن چالاكییەكی هۆشیاری سەبارەت بە سەلامەتیی میدیای ئەلیكترۆنی ئەنجام دەدەن
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (6-10-2025) فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر دڵان ئیسماعیل مەولود سەردانێکی زانستییان بۆ قوتابخانەی ئەحمەد ڕێکانیی کچان لە شارۆچکەی بەحرکە ئەنجامدا و چالاکیەکى هۆشیارییان بەڕێوەبرد.
سەرەتا فێرخوازان لەلایەن مامۆستا شیلان محی الدین ئەحمەد، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە، پێشوازییان لێکرا، لە وتەیەکیشیدا سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر دەربڕى، کە بەردەوام چالاکی و سیمیناری هۆشیارانە بۆ قوتابیان ئەنجام دەدەن. هەروەها جەختی لەسەر گرنگی ئەم جۆرە چالاکییانە کردەوە، بەتایبەتی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا کە قوتابیان و گەنجان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرکەوتەیان لەگەڵ ئامێرەکانی پەیوەندی و میدیای ئەلیکترۆنی هەیە.
پاشان زینە شەریف، فێرخوازی قۆناغی چوارەمی بەشی ڕاگەیاندن، بە وردی باسی لە کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی توندوتیژیی ئەلیکترۆنی بۆ قوتابیانى قوتابخانەکە کرد، پاشان ئاماژەى بە ڕێگەکان و چۆنییەتی خۆپاراستنی تاکەکەسی لە توندوتیژی ئەلیکترۆنی کرد، هەروەک جەخت لەسەر وریابوون لە قسە نابەجێكان کردەوە، دواتریش باسى لە هەڕەشە و هەواڵە ساختەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها ڕێگەی گەیاندنی سکاڵا بۆ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی کرد، دواتر بەرزی ئازاد، فێرخوازی قۆناغی چوارەم، لە بەشى دووەمى سیمینارێكدا ڕوونکردنەوەی یاسایی پێشکەش کرد بەتایبەت وردەکارییەکانی یاسای ژمارە (٨)ی ساڵی (٢٠٠٨)ی خستەڕوو، کە تایبەتە بە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی لە هەرێمی کوردستان، هەروەک باسی لە جۆری ئەو سزایانە کرد کە بەسەر سەرپێچیکاراندا هەژمار دەکرێن، بۆ ئەو مەبەستەش قوتابیانی پۆلی دەیەمی قوتابخانەکەی لە خراپ بەکارهێنانی میدیای ئەلیکترۆنی هۆشیار کردەوە و هانی دان بۆ بەکارهێنانێکی بەرپرسیارانەی ئەو جۆرە میدیایە.
لە کۆتاییدا مامۆستاى سەرپەرشتیار سوپاسى پێشوازى بەڕێوەبەر و ستافى قوتابخانەکە کرد و، هیواى خواست فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر زانیارى بەسودییان پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کردبێ.