فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن چالاكییەكی هۆشیاری دەربارەی توندوتیژیی میدیایی ئەنجام دەدەن
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی (١٩/١٠/٢٠٢٥)، بەشێک لە فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر دڵان ئیسماعیل مەولود، سەردانێکی زانستییان بۆ قوتابخانەی زاگرۆسی بنەڕەتی لە شاری هەولێر ئەنجام دا بەمەبەستی ئەنجامدانی چالاكییەكی هۆشیاریی لەسەر خراپ بەکارهێنانی مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
سەرەتا، فێرخوازان و مامۆستای سەرپەرشتیار لەلایەن مامۆستا ئیحسان عوسمان مەولوود، بەڕێوەبەری قوتابخانەی زاگرۆس، بە گەرمی پێشوازییان لێ کرا. بەڕێوەبەری قوتابخانە سوپاسی زانکۆی جیهان-هەولێری کرد بۆ دەستپێشخەرییەکەیان و جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە چالاکییە زانستییانە لەم قۆناغەدا زۆر پێویستن، بەتایبەتی کە پەیوەندیی فێرخوازان بە ئامێرە دیجیتاڵییەکانەوە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت.
چالاکییەکە بە شێوەی سیمینارێک بەڕێوەچوو و لەلایەن هەردوو فێرخوازی قۆناغی چوارەمی بەشی ڕاگەیاندن ضُحی ئەرجومەنت جەمال و سۆلین طیب عەبدولڕەحمان پێشکەش کرا. لە بەشی یەكەمی سیمینارەكەدا، فێرخواز ضُحی ئەرجومەنت، تیشکی خستە سەر پێناسەی توندوتیژیی میدیایی و چۆنییەتی درووستکردنی کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەكان لەسەر گەنجان و هەموو تاکێکی کۆمەڵگە. پاشان، سۆلین طیب، لە بەشی دووەمدا، وردەکارییەکانی خۆپاراستنی دیجیتاڵی شیکردەوە و گرنگیی زانیاری و میکانیزمەکانی بەرەنگاربوونەوەی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی خستەڕوو، بۆ ئەوەی فێرخوازان بتوانن بە شێوەیەکی پارێزراوتر ئامێرەکانیان بەکار بهێنن.
لە کۆتاییدا، مامۆستا ئیحسان عوسمان مەولوود دەستخۆشی لە فێرخوازان کرد و هیوای خواست ئەم جۆرە چالاکییەکان بەردەوام بن و ڕۆڵی هەبێت لە بنیادنانی نەوەیەکی هۆشیار کە بتوانن بە شێوەیەکی تەندرووست مامەڵە لەگەڵ جیهانی دیجیتاڵییدا بکەن.







