فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن ڕادیۆی دهۆك بەسەردەكەنەوە
لە درێژەی گەشتێكی زانستییدا بۆ شاری دهۆك، ڕۆژی شەممە 8-11-2025 بەشێك لە فێرخوازانی هەردوو قۆناغی دووەم و سێیەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم)، سەردانی ڕادیۆی (دهۆك)یان كرد.
بۆ ئەو مەبەستەش سەرەتا (ڕەیان محمد) دەرهێنەر لە ڕادیۆی دهۆك پێشوازیی كرد لە مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بە سەردانەكەیان. لەمیانەی ئەو سەردانەدا، ڕەیان محمد تیشكی خستە سەر مێژووی دامەزراندنی ڕادیۆی دهۆك و ڕۆڵی لە گەیاندنی پەیامی كۆمەڵایەتیی و هۆشیاری و ڕۆشنبیری لە شاری دهۆك، هەروەها هەوڵەكانیان بۆ بڵاوكردنەوە و پاراستنی فەرهەنگ و كولتووری ڕەسەنی كوردیی لەڕێگەی هونەرەكانی “دەنگ”ـەوە. لای خۆشیانەوە، فێرخوازان لەنزیكەوە ئاشنابوون بە شێوازی كاركردنی ڕادیۆی دهۆك، هاوكات بەشی ئەرشیفی ڕادیۆكەیان بەسەركردەوە و كە پێكهاتبوو لە مێژووی ئەو ئامێر و كەرەستانەی لە سەرەتای دامەزراندنی ڕادیۆكەوە كاریان پێ كراوە.
لەكۆتاییدا، مامۆستای سەرپەرشتیار سوپاسی بەڕێز (ڕەیان محمد)ـی كرد بۆ بەدەمەوەبوون و پێشوازیكردنیان لە فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندنی زانكۆی جیهان-هەولێر، هیواشی خواست ڕادیۆی دهۆك بەردەوام بێت لە پاراستنی بەها باڵاكانی كۆمەڵگەی كوردی و برەودانی زیاتر بە كولتوور و فەرهەنگی كوردەواری.






