فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن ڕێگەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی دەمارگیری سۆشیاڵ میدیا بۆ قوتابیانى قوتابخانەیەك دەخەنەڕوو
ڕۆژی سێشەممە ڕێكەوتی 27 -1-2026 فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (دڵان ئیسماعیل مەولود) سەردانى قوتابخانەی (ڤاناسی كچان)یان لە هەولێر كرد و، سیمینارێكیان بەناونیشانی (ژووری دەنگدانەوە: بۆچی تەنها ئەوە دەبینین کە لەگەڵی دا هاوڕاین؟) پێشكەش كرد.
فێرخوازان لەلایەن (ڕامان عیززەدین عومەر) بەڕێوەبەری قوتابخانەکە هەروەها مامۆستا (تامان ئەنوەر خورشید) پێشوازییان لێ كرا، دەستخۆشییان ئاڕاستەی فێرخوازان كرد لە بەرامبەر ئەو دەسپێشخەرییەیان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی قوتابیان.
ناوەڕۆكی سیمینارەكە لەلایەن هەریەکە لە فێرخوازان (لەیار ئازا، سەروین زاتی، داخاز خالد) پێشكەش كرا. فێرخواز (سەروین زاتی) بە شێوەیەکی گشتی پێناسەی “ژووری دەنگدانەوە”ی کرد و ڕوونی کردەوە کە چۆن بەکارهێنەر لەناو بازنەیەکی داخراودا دەمێنێتەوە و تەنها ئەو ڕا و بۆچوونانەی پێ دەگاتەوە کە هاوشێوەی بیرکردنەوەكانی خۆیەتی، ئەمەش وا دەکات مرۆڤ وێنایەکی سنوورداری بۆ ڕاستییەکان هەبێت.
لە بەشی دووەمی سیمینارەكەدا، فێرخواز (لەیار ئازا) ئاماژەی بەوە کرد کە چۆن تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێگەی ژیریی دەستکردەوە ئەو شتانە لە چوارچێوە دەدەن کە ئێمە دەیبینین. باسی لەوە کرد کە سۆشیاڵ میدیا تەنها ئەو بابەتانەمان پیشان دەدات کە لایکیان دەکەین، ئەمەش دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوە لە ڕای جیاواز و درووستبوونی دەمارگیریی.
لە بەشی كۆتایی سیمینارەكەدا، فێرخواز (داخاز خالد) باسی لە دەرئەنجامە مەترسیدارەکانی ئەم دیاردەیە کرد لەسەر هۆشیاریی کۆمەڵگە. جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە فێرخوازان فێرببن چۆن لە جیاتی گەڕان بەدوای “ئاسانکارییەکان و ئەو شتانەی حەزیان لێیە”، گەڕان بەدوای “ڕاستی و زانیارییە جیاوازەکان” هەڵبژێرن، تا بتوانن بببنە خاوەن دیدێکی کراوە و ڕەخنەگرانە.
لە كۆتاییدا، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ڤاناس سوپاسی ئاڕاستەی هەرسێ فێرخواز كرد بۆ پێشكەشكردنی ئەو سیمینارە گرنگە و، جەختی كردەوە لە بایەخی ئەنجامدانی ئەم جۆرە چالاكییانە ئەو قوتابیان.







