فێرخوازانی بەشی ژمێریاری سەردانی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای دووی هەولێر دەکەن
ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتى (١٦/١٠/٢٠٢٥)، بەشی ژمێریاری سەردانێکی زانستی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای هەولێر ژمارە 2 بۆ ژمارەیەک لە فێرخوازانی بەشی ژمێریاری بە سەرپەرشتی د. ئیبراهیم حسێن ئەحمەد ڕێکخست.
لەسەرەتای گەیشتنیان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکە، فێرخوازان بە گەرمی لەلایەن هەژار بەهرام خدر، سەرۆکی بەشی ژمێریاری پێشوازی لە فێرخوازان کرا. پاشان، شیکردنەوەیەکی تێروتەسەلی لەبارەی سووڕی ژمێریاریی جێبەجێکراو لە بەڕێوەبەرایەتییەکەدا پێشکەش بەفێرخوازان کرد، دواتریش ئاماژەى بە پرۆسەی ئامادەکردنی بەڵگەنامە داراییەکان، جۆرە جیاوازەکانی بەڵگەنامە بەکارهاتووەکان، سیستمی ژمارەدان بۆ پرۆسەکانی خەرجکردن و کۆکردنەوەی داهات،و چۆنیەتی تۆمارکردنی ئەم مامەڵانە لە کتێبەکانی ژمێریاریدا ڕوون کردەوە. هەروەها جۆرەکانی تۆمارەکانی ژمێریاریی بەکارهاتوو بەپێی یاسا و ڕێساکانی پەیوەندیدار و ڕێکارەکانی تۆمارکردنی داهات و خەرجییە گشتییەکانی بە شێوەیەکى مەیدانى بۆ فێرخوازان ڕوون کردەوە.
لە کۆتاییدا، د. ئیبراهیم حسێن، سەرپەرشتیاری سەردانە زانستییەکە، سوپاسى بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای هەولێر و سەرۆکی بەشی ژمێریاری کرد بۆ پێشوازیی گەرم و ڕەخساندنى ئەو دەرفەتە بۆ فێرخوازان بۆ لە نزیکەوە ئاشنابوون بە کاروبارى ژمێریارى لە دامەزراوەیەکى فەرمى حکومەتى هەرێمى کوردستان.