فێرخوازانی بەشی ژمێریاری لە میانەى سەردانێکیان بۆ بانکی نەورۆز، باسى سیستمە دارایی و ژمێریارییەکانی بانکەکەیان بۆ کرا
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (4/2/2026) ، بەشی ژمێریاری لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستیی مەیدانیی بۆ فێرخوازانی قۆناغی دووەم بۆ بانکی نەورۆز لە شاری هەولێر ڕێکخست. ئەم سەردانە بە سەرپەرشتی مامۆستا (ڕێبین بیلال محەمەد) بەڕێوەچوو.
لە کاتی گەیشتنیاندا، فێرخوازان لەلایەن (دلێر قادر لەتیف) سەرۆکی جێبەجێکاری بانکی نەورۆز بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. لە سەرەتای دیدارەکەدا، دلێر قادر تێڕوانینێکی گشتی و ناساندنێکی دەربارەی دیدگای بانک، پێکهاتەی ڕێکخراوەیی و گرنگیی سیستم و ڕێکارە ژمێریارییەکان لە پشتگیریکردنی کارە بانکییەکان و بڕیاردانی ستراتیژیدا لە بانکەکەیان پێشکەشى فێرخوازان کرد.
پاشان دەرفەت بە فێرخوازان درا و، بەشێوەیەکى مەیدانى لە نزیکەوە ئاشناى سیستمی ژمێریاری و کارە داراییەکانی بانکەکە بوون، بۆ ئەو مەبەستەش سەرپەرشتیاران تیشکیان خستنە سەر لایەنی پراکتیکیی ژمێریاریی دارایی لە کەرتی بانکیدا. لەو چوارچێوەیەدا، خاتوو (ڕێژنە ئەکرەم سەعید) بەڕێوەبەری ژمیڕیارى لە بانکی نەورۆز، ڕوونکردنەوەیەکی وردی دەربارەی خولی ژمێریاری لە بانکەکەدا بۆ فێرخوازان دا، لەوانە: پڕۆسەی تۆمارکردنی سپاردە و ڕاکێشانی پارە لەلایەن بریکارەکانەوە و شێوازی ژمێریارییان، مامەڵەکردن لەگەڵ قەرزەکان و ڕێکارەکانی، کۆکردنەوەی قیستەکان و مامەڵەکانی نێوان لقەکان.
هەروەها خاتوو ڕێژنە ئەکرەم ڕوونی کردەوە چۆن مامەڵەکان لە ڕێگەی سیستمی سەرەکیی بانکییەوە تۆمار دەکرێن، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی وردی، بەڵگەنامەکردنی دروست، ڕێکارەکانی هاوتاکردن و وردبینی، و کۆنترۆڵی ناوخۆیی بۆ دەستەبەرکردنی پابەندبوون بە ڕێنماییە بانکییەکان. جگە لەوەش، فێرخوازان ئاشنای پۆلێنکردنی هەژمارە بانکییەکان، هاوتاکردنی باڵانسی کاش، ئامادەکردنی ڕاپۆرتی ڕۆژانەی مامەڵەکان و کورتە داراییەکانی کۆتایی ڕۆژ بوون.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، مامۆستا ڕێبین بیلال محەمەد سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی دلێر قادر لەتیف و ڕێژنە ئەکرەم سەعید و کارمەندانی کارگێڕی و ژمێریاریی بانکی نەورۆز کرد بۆ پێشوازییە گەرمەکەیان و ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە بۆ بەدەستهێنانی زانیاریی پراکتیکی کە ئەزموونی ئەکادیمی و پیشەیی فێرخوازانی دەوڵەمەند کرد.







