فێرخوازانی بەشی کارگێری کار کۆمەڵێک کتێبیان بە قوتابخانەی ئامادەیی کچانی ئەنالیند بەخشى
لە پێناوی جێبەجێکردنی ئامانجەکانی بنکەی «زەکاتی زانستی»، بەشی کارگێری کار لە زانکۆی جیهان–هەولێر، ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتى (3/2/2026) کۆمەڵێک کتێبی کەلتووری پێشکەش بە کتێبخانەی قوتابخانەی ئامادەیی کچانی ئەنالیند کرد.
ئەم دەسپێشخەرییە زانستییە، پێشکەشکردنی زیاتر لە (130) ناونیشانی جۆراوجۆری لەخۆگرتبوو، کە لە لایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی زانکۆوە دابینکرابوون. سەرچاوەکان بابەتە جیاوازەکانی وەک (ئەدەبیات، یاسا، بەڕێوەبردن، ژمێریاری و سیاسەت)یان بە هەر سێ زمانی (کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی) لەخۆگرتبوو. هاوکات، فێرخوازانی بەشی کارگێڕی کار وەک هاندانێک بۆ پڕۆسەی خوێندنەوە، چەندین کتێبی ئەدەبیی تریان وەک دیاریی تایبەت پێشکەش بە کتێبخانەی قوتابخانەکە کرد.
ئەم چالاکییە بەسەرپەرشتى پڕۆفیسۆری یاریدەدەر (دکتۆر قوسی حەمید ئەلسەلامی) و بە بەشداریی گرووپێک لە فێرخوازانی قۆناغی یەکەم بەڕێوەچوو. لە بەرامبەردا، خاتوو (نەجاح سەڵاح ئیسماعیل) بەڕێوەبەری قوتابخانەکە و ستافی مامۆستایان بە گەرمی پێشوازییان لە شاندی زانکۆ کرد.
خاتوو نەجاح سەڵاح، لە وتەیەکدا وێڕای دەستخۆشی لەم هەنگاوە، ڕایگەیاند: “ئەم دەسپێشخەرییەی زانکۆی جیهان-هەولێر نموونەیەکی باڵای هاوکاریی نێوان ناوەندە ئەکادیمی و پەروەردەییەکانە، کە ڕۆڵێکی کاریگەری دەبێت لە دەوڵەمەندکردنی هزر و پەرەپێدانی توانا زانستی و کەلتوورییەکانی کچانی قوتابی.”







